مارک کارنی سەرۆکی نوێی لیبراڵەکانی کەنەدا و پارێزگاری پێشووی بانکی ئینگلتەرا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی "هەرگیز" نابێتە بەشێک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دوای ئەوەی لە کێبڕکێی جێگرەوەی جەستن ترودۆ وەک سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
کارنی تەمەن 59 ساڵ کە لە نێوان ساڵانی 2013 بۆ 2020 سەرۆکایەتی بانکی ئینگلتەرای کردووە، دوای سەرکەوتنی لە کێبڕکێی سەرکردایەتی پارتی لیبراڵ، شوێنی ترودۆ دەگرێتەوە.
ترودۆ کە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە سەرۆکوەزیرانی کەنەدا بوو، دوای ئەوەی ڕووبەڕووی بانگەوازی دەستلەکارکێشانەوە لە پەرلەمانتارانی پارتەکەی خۆی بووەتەوە، لە مانگی یەکدا ڕایگەیاند کە دەست لەکار دەکێشێتەوە.
لە ئێستادا کارنی وەک سەرۆکی کۆمپانیای بروکفیڵد ئەسێت مەنجەمەنێت کاردەکات کە کۆمپانیایەکی وەبەرهێنانی بەدیل کەنەدییە.
ئێستا دەبێت بڕیار بدات کەی هەڵبژاردنی گشتی لە کەنەدا بانگهێشت بکات - کە دەبێت لە ٢٠ی تشرینی یەکەم یان پێش ئەوە ئەنجام بدرێت.
کارنی لە کاتێکدا دوای بردنەوەکەی لەلایەن کچەکەیەوە ناسێندرا وتی "کێ ئامادەیە لەگەڵ من بەرگری لە کەنەدا بکات؟"
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بەڵێ کەنەدا، پارتی لیبراڵ یەکگرتوو و بەهێز و ئامادەیە بۆ خەبات بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی باشتر.
کارنی بە ئاماژەدان بە شەڕی بازرگانی دۆناڵد ترەمپ و قسەکانی سەبارەت بە لکاندنی کەنەدا بە ئەمریکاوە وەک ویلایەتی ٥١، وتی: ئێمە ئەم وڵاتەمان کردووە بە گەورەترین وڵاتی جیهان و دراوسێکانمان ناتوانن ئێمە ببەن، بە هیچ شێوەیەک.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمریکییەکان "سەرچاوەکانمان، ئاوەکەمان، خاکەکەمان، وڵاتەکەمانیان دەوێت... بیر لەوە بکەنەوە، ئەگەر سەرکەوتوو بن، ئەوا شێوازی ژیانمان لەناودەبەن".
وتیشی: ئەمریکا کەنەدا نییە، کەنەدا هەرگیز بە هیچ شێوەیەک بەشێک نابێت لە ئەمریکا.