سەرۆکایەتیی سوریا لە تۆری کۆمەڵایەتی خۆی لە تێلێگرام بڵاویکردوەتەوە؛ کەوا لیژنەیەکى تایبەتیان بەو روداوانە پێکهێناوە کە لە کەناراوەکان لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و چەکدارانى سەربە دەسەڵاتى بەشار ئەسەد، سەرۆکى پێشوى سوریا رودەدەن.
ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە سەرۆککۆمار بڕیاریداوە بە پێکهینانى لیژنەیەکى نیشتیمانیی و سەربەخۆ تا لە راستى روداوەکانى کەناراوەکانى سوریا بکۆڵێتەوە.
ئەوەش رونکراوەتەوە کە ئەرکى ئەم لیژنەیە دەرخستنى هۆکار و ئەو هەلومەرجانەیە کە بونەتەهۆى رودانى ئەم گرژییانە و لێکۆڵینەوەش لەو پێشێلکارییانە دەکرێت کە بەرامبەر هاوڵاتییانى مەدەنى و لایەنە ئەمنییەکان و سوپا ئەنجام دراون و لایەنى بەرپرس ئاشکرا دەکرێت.
بەپێی راگەیەنراوەکەى سەرۆکایەتیی سوریا ئەم لیژنەیە لە حەوت کەس پێکدێت و جەختیش کراوەتەوە کە پێویستە هەمو لایەنەکانى حکومەتى وڵاتەکە هەماهەنگى بکەن و ئەوەى پێویستە ئەنجام بدرێت و لیژنەکەش پێویستە لەماوەى 30 رۆژدا راپۆرتى خۆى بۆ سەرۆکایەتیی وڵاتەکە بەرز بکاتەوە.