سەرکردەی دروزەکان داوا لەنەتەوەیەکگرتوەکان دەکات، دەستوەردان بکەن بۆ ئەوەی دەستبەجێ شەڕی ناوخۆی سوریا ڕابگرن، هاوکات لەهەمولایەک داواکارە ڕێز لەیاساو بنەما ئایینییەکان بگرن.
شێخ حیکمەت هاجیری سەرکردەی دروزەکان لەپارێزگای سوەیدا لەباشوری سوریا، داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی شەڕى ناوخۆو ئاگربەست دەکات.
هاوکات شێخ حیکمەت داوا لەنەتەوەیەکگرتوەکانیش دەکات دەستوەردان بکەن بۆئەوەی ڕشتنی خوێن لەسوریا ڕابگیرێتو ئاشتی لەناوچەکە بەرقەرار بێت.
هۆشداریشیدا کە سوریا ئێستا لەنێو ئاگرداییە، ئهوهشى وت:"ئێمە سەرکۆنەی ئەم کوشتارە سیسەتماتیکە دەکەینو داوای دەستبەجێ کۆتاییهێنان بەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە ناڕەوایانە دەکەین کە دژی خەڵکی سڤیلی بێتاوانن کە تەنها توندوتیژییو ناسەقامگیریی زیاتر دەکەن".
داوا لەهەمولایەک دەکات، ڕێز لەیاساو بنەما ئایینییەکان بگرن بەتایبەت کە لەئایینەکەیان کوشتنی خەڵکی بێتاوان ڕێگە پێنەدراوە.
ڕۆژى 6ى ئهم مانگه شهڕو پێکدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەکانو پاشماوهكانی ڕژێمی پێشوی بهشار ئهسهد لەپارێزگای لازقیە كه زۆرینهی دانیشتوانهكهی عهلهوین ڕویداو دواتر پێكدادانهكان جهبلهو بانیاسو ناوچەکانی دیکەی دەوروبەری ناوچە عەلەوییەکانی گرتهوهو ژمارهیهكی زۆریان بونه قوربانی.