سەرۆک و ئەندامانى دەستەى کارگێڕى کاتی یانەى هەولێر دەستیان لە کارکێشایەوە و لە ماوەى 45 ڕۆژى داهاتووشدا هەڵبژاردنی دەستەی كارگێڕیی یانەکە ئەنجامدەدرێت.
دوێنێ شەممە بەرواری2025.3.8، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانى دەستەى کاتى کارگێڕى یانەى وەرزشى هەولێر کۆبۆوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، دواى ئەوەى کارەکانى دەستەى کاتى کارگێڕى یانەى وەرزشى هەولێر بەڕێزەوە بەرز نرخاند کە لە ماوەى ڕابردوو ئەنجامیانداوە، ئاماژەى بەوەدا کە یانەى هەولێر وەک یانەى دایک و خاوەن مێژوویەکى پڕشنگدار و ناوێکى بەرز لە سەروى هەموویانەوەیە و ڕێگە نادەن ببێتە قوربانی.
دوپاتیشیکردەوە، ئامانجى هەموویان خزمەتکردن و بەرەو پێشبردنى یانەکەبووە، لەو پێناوەشدا هەموو هەوڵێکیان بۆ باشترکردن و چاکتر کردنى یانەکە بووە، بەڵام بە داخەوە گرفت و کێشەکان بەردەوامیان هەبووە، بۆیە پێویستە لە بنەڕەتەوە چارەسەری ئەو كێشانە بكرێت نەکبەشێوەیەكی كاتی.
لە کۆتایدا کۆبوونەوە لە پێناو چارەسەرکردن و بنبڕکردنى کێشە و گرفتەكانی یانەكە و دابینکردنى ئایندەیەكی گەش و باشترکردنى ڕەوەشی یانەکەکۆمەڵێک بڕیاردرا.
یەکەم/ سەرۆک و ئەندامانى دەستەى کاتى کارگێڕى یانەى هەولێر، بە گشتیى دەستیان لە کارکێشایەوە و دەست لە کارکێشانەوەکەیان قەبوڵکرا.
دووەم/ هەموو ئامادەکارییەک بکرێت بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکى ئازادانەى دەستەیەكی تازەی كارگێڕی بۆ یانەی وەرزشی هەولێر، لە ماوەى مانگێک تا 45 ڕۆژى دیکە.
سێیەم/ بۆ ئەو ماوەیە، واتا لە ماوەى ئەو مانگە تا 45 ڕۆژەى داهاتوو کە پڕۆسەى هەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت، دەستەیەکى کاتى بۆ ئیدارەدانى یانەکە دەستنیشان کرا بەو مەرجەى کە نابێت خۆیان کاندید بکەن بۆ هەڵبژاردنى دەستەى کارگێڕى داهاتووی یانەکە.
ئەوانیش بریتن لە:-
1.تاهیر سابیر - سەرۆکى کاتى یانەى هەولێر
2.زوبێر جەبار - ئەندامى کاتى دەستەى کارگێڕى
3.د.سەرتیپ محمەد عەوڵا -ئەندامى کاتى دەستەى کارگێڕى
4.د.ئیبراهیم محمەد - ئەندامى کاتى دەستەى کارگێڕى
5. د.شوان خالید - ئەندامى کاتى دەستەى کارگێڕى