Apora Logo

وەزیری بەرگری ئیسرائیل بۆ ئەحمەد شەرع: ڕووخساری ڕاستەقینەی خۆت ئاشکرا کرد

وەزیری بەرگری ئیسرائیل بۆ ئەحمەد شەرع: ڕووخساری ڕاستەقینەی خۆت ئاشکرا کرد

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر سەرۆکی کاتیی سووریا و بە "تیرۆریستێکی سەر بە قاعیدە" ناوی دەبات؛ دەشڵێت، ئیسرائیل خۆی لە هەموو هەڕەشەیەک دەپارێزێت.

8/3/2025


یسرائیل کاتس وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت: " ئەلجولانی ( ئەحمەد الشرع ) جلەکەی خۆی گۆڕی و کردییە قات و بۆینباخ، دەموچاوێکی میانڕۆی پیشاندا. ئێستا جۆلانی ماسکەکەی خۆی فڕێداوە و رووخساری راستەقینەی خۆی دەرخست.": تیرۆریستێکە لە قوتابخانەی ئەلقاعیدە کە کردەوەی ترسناک دژی خەڵکی مەدەنی ئەنجام دەدات".


کاتز جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل "بەرگری لە خۆی دەکات لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەک کە لە سوریاوە بێتە ئاراوە"، هاوکات بەڵێنیدا سوپا بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ ئەوەی باشووری سوریا بە بێ چەکیی بمێنێتەوە.


کاتس هۆشداریدا لە پەرەسەندنی توندوتیژی لە سوریا و رایگەیاند کە هێزەکانی سوریا "دڕندەیی دژی هاوڵاتیانی مەدەنی عەلەوی " ئەنجام دەدەن.


لە ڕۆژی پێنجشەممەوە ناوچەی کەناراوەکانی سوریا شایەتی پێکدادانەکانی نێوان هێزە ئەمنییەکان و چەکدارانی دڵسۆز بۆ بەشار ئەسەد سەرۆکی پێشووی سوریا بووە ، کە بە "توندوتیژترین" دادەنرێت لە دوای ڕووخاندنی لە ٨ی کانوونی دووەمەوە.


ڕۆژی هەینی سەرۆک کۆماری سووریا لە قۆناغی ڕاگوزەردا، ئەحمەد ئەلشەرع، جەختی لە درێژەدان بە ڕاوەدوونانی ئەو کەسانە کردەوە کە بە پاشماوەی ڕژێمی کەوتوو وەسفی کردوون و گەیاندنیان بە دادگای دادپەروەرانە.


ئەلشەرع لە وتارێكدا، وتی: بە کردەوە قێزەونەکەی خۆتان کە کوشتنی ئەو کەسانەن کە سوریا دەپارێزن ، هێرشتان کردووەتە سەر هەموو سوریاییەکان، بەم کارەشتان تاوانێکی لێبوردننەکراوتان ئەنجامداوە، وەڵامێکتان وەرگرتووە کە بەرگەی ناگرن، بۆیە پەلە بکەن لە تەسلیمکردنی چەکەکانتان و خۆتان.


ئەلشەرا لە درێژەی قسەکانیدا وتی: نامانەوێت خوێنی کەس بڕێژین، داوای لە "دەستدرێژکاران" کرد کە پێش ئەوەی درەنگ بێت چەکەکانیان و خۆیان تەسلیم بکەن.


سەرۆک کۆماری سوریا جەختی لە لێپرسینەوە لە هەر کەسێک کرد کە هێرش بکاتە سەر هاووڵاتیانی مەدەنی بێ چەک و زیادی کرد: گەلەکەمان لە کەناراوەکان لە ناوچەکانی شەڕ و پێکدادان بەشێکە لە بەرپرسیارێتی ئێمە و ئەرکی ئێمەیە بیانپارێزین.






;