تا ئێستا رێوشوێنەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە بارەی مووچەی مانگی دووەوە تەواو نەبووە، وەزارەتی دارایی هەرێمیش بێدەنگە، لە کاتێکدا هەشت رۆژە وەفدێکی تەکنیکی هەرێم لە بەغدایە.
بەپێی زانیارییەکان تا ئێستا رێوشوێنی وردبینی وەزارەتی دارایی عێراق لە لیستی مووچە تەواونەبووە، ئەگەرەکان زۆرە کە ناردن و دابەشکردنی مووچە بچێتە هەفتەی داهاتوو.
وەفدێکی وەزارەتی دارایی هەرێم لەگەڵ ناردنی لیستی مووچەدا ماوەی هەشت رۆژە لە بەغدایەو بۆ وردکردنەوەی زانیاریەکانی لیستی مووچە، بەلآم تا ئێستا رێوشوێنەکان تەواو نەبوون.
ئەوە لە کاتێکدایە ماوەی دوو هەفتەیە لە عێراق دەستبەدابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات کراوە.
هاوڵاتیانی هەرێم پێشبینیان دەکرد سەرەتای ئەم مانگە لەگەڵ دەستپێکردنی یەکەم رۆژی رەمەزاندا دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتدا بکرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە وەزارەتی دارایی هەرێم لە ئامادەکردنی لیستی مووچەدا دواکەوت و تەنها دە رۆژە لیستەکە نێردراوە بۆ بەغدا.