ماوەی چەند ڕۆژێكە لەهەریەكە لە شارەكانی دهۆك و هەولێر قەیرانی نەمانی غاز سەریهەڵداوە و هاوكات بەوهۆیشەوە نرخی بوتڵێك غازی ماڵان 14 هەزار دیناری تێپەڕاندووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەو غازەی ڕەوانەی ئەو دوو پارێزگایە دەكرێت ڕەوانەی پارێزگاكانی دیكەی عێراق دەكرێت.
ئاراس مەجید، یەكێك لە بریكارەكانی فرۆشتنی غازی ماڵان لە هەولێر بە میدیاکانی ڕاگەیاند: ماوەی چەند ڕۆژێكە نرخی غازی ماڵان بەردەوام ڕوو لە بەرز بوونەوەدەكات، هەر ئەوەش وایكردووە كە خەریكە بەتەواوی قەیرانی نەبوونی غاز لە هەولێر سەر هەڵبدات و گرفتێكی گەورە بۆ هاووڵاتیان و چێشتخانە و نانەواخانە و شوێنە گشتییەكان دروست ببێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەراورد بە دوو هەفتەی ڕابردوو بوتڵێك غاز زیاد لە شەش هەزار دیناری ڕۆشتووەتە سەر، ئەمڕۆ بوتڵێك غازمان بە 14 هەزار دینار فرۆشتووە بە هاووڵاتیان ئەوەش بڕێكی زۆر كەمبوو تەواو بوو، بۆیە ئەگەر ئەم دۆخە هەروا بەردەوامی هەبێت گرفتی گەورە بۆ هاووڵاتیان دروستدەبێت.
بەوتەی ئەو بریكارەی فرۆشتنی غاز لە هەولێر، قەیرانەكە تەنها لە هەولێر نییە بەڵكوو لە سنوری پارێزگای دهۆكیش بەهەمان شێوە ئەو قەیرانە بوونی هەیە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی دەوترێت ئەو بڕە غازەی بۆ ئەو دوو پارێزگایە دێت ڕەوانەی پارێزگاكانی دیكەی عێراق دەكرێت، چونكە لە 8ی ئەم مانگەوە ئەو گرێبەستە كۆتایی پێدێت كە لە نێوان عێراق و ئێران هەیە بۆ دابینكردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا، هاووڵاتیانیش ترسیان هەیە ڕووبەڕووی كەم غازی ببەنەوە.