هەڵمەتی دەستگیرکردنی خراپ بەکارهێنەرانی تیکتۆک" تیکتۆکچییەکان " بەردەوامەو گەیشتە ناوچەی سۆرانیش، ئەمەش دوای ئەوەی ژمارەیەکیان لە ناوچەکانی سلێمانی لێدەستگیرکرا.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران رایگەیاند" دوو کەسیان دەستگیرکردووە کە خاوەنی پەیجی فەیسبوکی دیڤان کەرکوکی و سناپچاتی لولە0101 ن".
ئاسایشی سۆران لەو راگەیاندنە ئاماژە بەوە دەکات کە بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی قەزای خەلیفان، دوای بەدواداچوون وچاودێری کردن لەسەر سکاڵای هاووڵاتیان، توانیان لەرێکەوتی ٢٠٢٥/٢/١٧، دوو تۆمەتبار دەستگیر بکەن بە ناوەکانی (ا،ن،ه)و(ز،ص،ن)، کە تۆمەتبارن بە پێی ماددەی(٢) لە یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کردن. ناوبراوان هەڵساون بە هاککردنی زیاتر لە (٢٠) ئەکاونت و بردنی وێنە و ڤیدیۆکانیان و دواتر هەڕەشەی بەکاهێنانیان لەدژیان لەرێگەی سناپ چاتەوە، ئەگەر بڕی١٠٠٠٠ (دە هەزار) دۆلاریان پێنەدرێت".
هەروەها تۆمەتباران رێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و رووبەڕووی دادگا کراونەتەوە.
ئاسایشی سۆران هاووڵاتیان ئاگاداردەکاتەوە و داوا لە هاوڵاتیان دەکات هەر کەسێک سکاڵای یاسایی هەیە لەسەر هەر دوو پەیجی فەیسبووکی (دیڤان کەرکوکی) و سناپ چاتی (لولە 0101) دەتوانێت سەردانی بنکەکانی ئاسایش بکات.
دوێنێ لە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی، تیکتۆکچی شازادە چاوان، ئەرجوومەنە ڕیشە، ساردەی ڕانییە، لەلایەن ئاساییشی سلێمانییەوە دەستگیرکران.
رۆژی ١٧ ی شوباتیش هەژماری هەریەك لە "فەرمانی لەفە" و "ئەرجومەنە ریشە" داخران و لۆگۆی دەزگای ئاسایشیان خرایە سەر و لەسەری نوسرا" ئەم هەژمارە داخرا لەبەر نەشیاوی پۆستەكان".