مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگری سوریا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکی گوتی: ئەگەر ڕێککەوتن لەگەڵ ڕووسیا سوودی بۆ سوریا هەبێت، ئەوا هیچ ناڕەزایەتییەک بەرامبەری نییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵوێستی ڕوسیا بەرامبەر حکومەتی سوریا "بەشێوەیەکی بەرچاو باشتر بووە" دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوودا، دیمەشق لە چوارچێوەی پێشهاتە نوێیەکاندا لێکۆڵینەوە لە داواکارییەکانی مۆسکۆ دەکات.
وەزیری بەرگری سوریا لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی: لە سیاسەتدا هیچ دوژمنێکی هەمیشەیی نییە و ئاماژەی بە گۆڕانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ مۆسکۆ کرد کە پێشتر یەکێک بوو لە هاوپەیمانە دیارەکانی ئەسەد.
سەبارەت بەوەی ئایا سوریا ڕێگە بە ڕووسیا دەدات بنکە سەربازییەکانی لە تەرتوس و حمەیمیم بهێڵێتەوە، ئەبو قەسرە ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە پەیوەستە بە بارودۆخی ئەو سوودانەی کە ڕەنگە دیمەشق بیچنن و گوتی: ئەگەر لەمەوە سوود بۆ سوریا بەدەست بهێنین، بەڵێ.
سەبارەت بە ئەسەد، ئەبو قەسرە ڕەتیکردەوە پشتڕاستی بکاتەوە کە ئایا سەرۆک کۆماری سوریا لە قۆناغی ئینتقالیدا، ئەحمەد شەرع، لە دیدارەکەیدا لەگەڵ بەرپرسانی ڕوسیا لە مانگی یەکی ساڵی ڕابردوودا داوای ڕادەستکردنەوەی ئەسەدی کردووە یان نا. بەڵام ئاماژەی بەوەدا کە لە کاتی کۆبوونەوەکەدا پرسی لێپرسینەوە لە ئەسەد وروژێنراوە.
لای خۆیەوە ڕووسیا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەبارەی ئەوەی کە ئایا چارەنووسی ئەسەدی لەگەڵ شەرع تاوتوێ کردووە یان نا.
میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند، دانوستانەکان سەبارەت بە ئامادەبوونی سەربازی ڕوسیا لە سوریا بەردەوام دەبن و ئاماژەی بەوەشکرد: تا ئێستا هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە، بەڵام ڕێککەوتووین لەسەر بەردەوامبوون لەسەر ڕاوێژکارییەکان بەشێوەیەکی قووڵتر.
لەلایەکی دیکەوە، هەنگاوەکانی سوریا تەنها لە پەیوەندی لەگەڵ ڕوسیادا سنوردار نەبووە، بەو پێیەی ئەبو قەسرە ئاماژەی بەوەکردووە، دیمەشقیش دانوستان دەکات بۆ پێگەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و تورکیا لەو وڵاتە، لەگەڵ ئەگەری ئەوەی کە ڕێککەوتنە سەربازییەکان لەگەڵ تورکیا کەمکردنەوە یان "دابەشکردنەوەی" هێزەکانی تورکیا لە خاکی سوریادا لەخۆ بگرێت.
ڕوونیشی کردەوە کە دانوستانەکان سەبارەت بە بوونی سەربازی ئەمریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا هێشتا بەردەوامن.