لە خولی ئیسپانیا ریاڵ مەدرید سی خاڵی زێڕینی لەدەستدا و بەرامبەر ئیسپانیۆڵ بە گۆڵێکی بێوەڵام شکستیهێنا بەڵام لە پێشەنگدا مایەوە.
لە یارییەکی هەفتەی 22ـی خولی ئیسپانیا یانەی ریاڵ مەدرید و ئیسپانیۆڵ بەیەکگەیشتن.
تایمی یەکەم، ریاڵ مەدرید کۆنترۆڵی یاریگای کرد و بەدوای گۆڵی یەکەمدا دەگەڕا، بەڵام ئیسپانیۆڵ بەرگرییەکی چڕی کرد و هێرشەکانی مێرەنگێی شکستپێهێنا.
لە تایمی دووەم، یاریزانانی ریاڵ مەدرید بە تەواوی کۆنترۆڵی یاریگایان کرد و هێرش لەدوای هێرش دەیانبردە سەر گۆڵی ئیسپانیۆڵ بەڵام سەرجەم هەوڵەکانیان بێ ئاکامبوون، لە بەرامبەردا ئیسپانیۆڵ سودی لە هێرشێکی هەڵگەڕاوە وەرگرت و تاکە گۆڵی یارییەکەیان لە رێگەی کارلۆس رۆمیرۆ لە خولەکی 85 تۆمارکرد.
سەرەنجام ئیسپانیۆڵ یارییەکەی بەو تاکە گۆڵە لە ریاڵ مەدرید بردەوە و بە کۆکردنەوەی 23 خاڵ هاتە پلەی 17 و بە شێوەیەکی کاتی خۆی لەناوچەی دابەزین رزگارکرد، ریاڵ مەدریدیش بە 49 خاڵ لە پێشەنگدا مایەوە.