لە قۆناغی پلەی ئۆفی چامپیۆنز لیگ مان سیتی ئەرکی قورسە و پاریس سان جێرمان و دۆرتمۆند و ئەتلانتا تا رادەیەک ئەرکیان ئاسانە.
سەرجەم یارییەکانی خولی یەکەمی چامپیۆنز لیگ ئەنجامدران، هەشت یانەی پێشەوەی ریزبەندی راستەوخۆ سەرکەوتنیان بۆ قۆناغی 16 بەدەستهێنا و یانەکانی پلەی نۆیەم تا 25 چوونە پلەی ئۆف.
لە قۆناغی پلەی ئۆفی چامپیۆنز لیگ یانەکان دوو دوو رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە و یاری چوون و هاتن ئەنجامدەدەن، لەم قۆناغەشدا چاوەڕێی یاری بەهێز رکابەری ئاگرین دەکرێت بۆ بەدەستهێنانی بلیتی قۆناغی داهاتوو.
ئەوەی لە قۆناغی پلەی ئۆفدا لە هەموو یارییەکانی دیکە زیاتر سەرنجی خراوەتەسەر یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزیە کە لە پلەی 22 دەبیندرێت، بەو پێیەی رووبەڕووی ریاڵ مەدریدی 11ـیەم یان بایرن میونشنی 12ـیەم دەبێتەوە.
هەروەها یانەکانی ئەتلانتای ئیتاڵی و دۆرتمۆندی ئەڵمانی پلەکانی نۆیەم و 10ـیەمیان گرتووە و چاوەڕێی بەیەکگەیشتنی سپۆرتینگی پورتوگالی و کلوب بروجی بەلجیکی دەکەن.
یانەی پاریس سان جێرمانیش لە پلەی 15 کۆتایی بە خولی یەکەم هێنا و بۆ پلەی ئۆف ئەرکی تا رادەیەک ئاسانە و ئەگەری رووبەرووبوونەوەی مۆناکۆ و برێستی هاونیشتیمانی هەیە.
تیروپشکی قۆناغی پلەی ئۆف رۆژی هەینی کاتژمێر دووی دوای نیوەڕۆ ئەنجامدەدرێت.