هاوسەرۆکی پارتی یەکسانیو دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تولای حاتەمئۆڵەری دەڵێت "ئۆجەلان لەدووەمین دیداریدا لەگەڵ شاندی ئیمرالی دەم پارتی رایگەیاندووە کە هێنانی تورکیا بۆ سەر رێچکەی دیموکراسی تاکە ڕێگایە بۆ ڕزگارکردنی لەقەیرانەکان".
تولای حاتەمئۆڵەری لەکۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا تیشکی خستە سەر دووەم کۆبوونەوەی شاندی ئیمرالی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلانی سەرکردەی پەکەکەو وتی "دووه م کۆبوونەوەی ئیمراڵی که هه موومان بە تامەزرۆییەوە چاوه ڕوانی بووین، ئەنجامدرا ، ئەو نەخشەڕێگایەی لەکۆبوونەوەی ئیمرالی دەرکەوت بێگومان بابەتێکە کە هەموو گەلان بەپەرۆشەوە چاوەڕێی دەکەم بەڕێز ئۆجەلان لەکۆبوونەوەکەدا وتی: من بەردەوامم لەکارەکانم. ئێمە بە قۆناغێکی مێژووییدا تێدەپەڕین کە قەیرانە جیهانی و نیشتمانییەکان تێهەڵکێش دەبن، ڕاکێشانی تورکیا بۆ سەر رێچکەی دیموکراسی تاکە ڕێگایە بۆ پاراستنی لەقەیرانەکان. لەدوایین کۆبوونەوەدا ئۆجەلان بەشاندەکەمانی ڕاگەیاند کە بانگەوازەکەی باخچەلی ئەگەر لەگەڵ عەقڵی دەوڵەت تێکەڵ بکرێت، دەبێتە هۆی پێشکەوتنێکی مێژوویی کە خزمەت بەئاشتی دەکات".
وتیشی "بەڕێز ئۆجەلان رایگەیاندووە کە لەم قۆناغەدا کە قەیرانەکان کەڵەکەو تێهەڵکێش بوون، پەنابردن بۆ سیاسەتی بەڕێکردنی کاتو چاوەڕوانی سەبارەت بەچارەسەری پرسی کوردو بە دیموکراتی کردنی تورکیا، خزمەتی تورکیا ناکات.
رێگای پاراستنی کۆمەڵگای تورکیاو خەڵکی ناوچەکە لە بەرامبەر قەیرانەکان روونە. بانگەوازەکەی ئۆجەلانیش روونە کە هێنانی تورکیایە بۆ سەر رێبازی دیموکراسیو ئەمە تاکە ڕێگایە بۆ ڕزگارکردنی تورکیا لەقەیرانەکان. لەو چوارچێوەیەدا، بەڕێز ئۆجەلان جارێکی دیکە لەم دیدارەدا جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی ئەوەیە ئەو پرسە لەزەمینەی توندوتیژی و ململانێیەوە بگوازێتەوە بۆ زەمینەی یاسای دیموکراسی و سیاسەتی دیموکراسی