لە چوارچێوەی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل ، ئەمڕۆ حەماس چوار ژنە بارمتەی ديکەی ئيسرائيلی کە سەرباز بوون ئازاد دەکات، لە بەرامبەر ژمارەيەک زيندانی فەڵەستينی کە ئاماژە بە ژمارەيان نەدراوە.
ئەمە دەبێتە دووەم گرووپی بارمتە و زيندانييەکان کە لە چوارچێوەی ئاگربەستدا نزيکەی هەفتەيەکە ئاڵوگۆڕپێکردنیان چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، مەبەست لێی رێگە خۆشکردنە بۆ کۆتاییهاتنی هەمیشەیی ململانێکان.
رۆژی هەينی ئيسرائيل پشتراستیکردەوە، ليستی ناوی ئەو بارمتانەی بەدەستگەيشتووە کە بڕيارە ئەمڕۆ ئازادبکرێن.
بەگوێرەیزانیاریەکان ، ئەو ژنانەی بريارە ئازاد بکرێن، کارينا ئاريڤ، دانێلا گيلبۆوا، ناما ليڤی و ليری ئەلباگن.
ئەلەباگ تەمەنی بووە بە 19 ساڵ و سێ بارمتەکەی ديکە تەمەنیان 20 ساڵان دەبێت.
بەگوێرەی ڕێککەوتنی ئاگربەست، ئیسرائیل 200 زیندانی یان دەستگیرکراوی فەلەستینی لە بەرامبەر ئەو چوار بارمتەدا ئازاد دەکات، کە 120 چالاکوانی فەلەستینی سزای هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە، دوای ئەوەی بە تۆمەتی دەستپێکردنی "هێرشی خوێناوی" سزا دراون.
نوسینگەی بنیامین نتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە کە ئەو لیستە لە ناوبژیوانەکانەوە هاتوە، هەروەها لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "ئیسرائیل لە دواتردا وەڵامی خۆی پێشکەش دەکات".
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، لیستی بارمتەکان کە بڕیارە ئازادبکرێن، پابەند نییە بە ڕێککەوتنە سەرەتاییەکەوە، بەڵام دەستبەجێ ڕون نەبوەتەوە کە ئەوە تا چەند کاریگەری لەسەر پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردن دەبێت بەپێی ئەو پلانانەی کە داڕێژراون.
رۆژی 15ـی ئەم مانگە، ئاگربەستی غەززە لەنێوان ئيسرائيل و بزووتنەوەی حەماسدا راگەيەندرا و رۆژی يەکشەممەی هەفتەی رابردوو، ئاگربەستەکە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و سێ بارمتەی ئيسرائيلی بەرامبەر 90 زيندانی فەڵەستينی ئازادکران.
بڕيارە لە قۆناغی يەکەمی ئاگربەستەکەدا کە 42 رۆژ دەخايەنێت، 33 بارمتەی ئيسرائيلی بەرامبەر بە زياتر لە 700 بەندکراوی فەڵەستينی ئازاد بکرێن، لەو ماوەيەشدا هێرشەکانی ئيسرائيل بۆسەر غەززە رابگيرێن.