ئاگرێکی نوێ لە باکوری دارستانەکانی لۆس ئەنجلس کەوتوەتەوە و ئەمەش دەسەڵاتدارانی ناوچەکەی ناچار کردوە فەرمانی چۆڵکردن بە 50 هەزار کەس بدەن و لەماوەی تەنها دوو کاتژمێردا سەدان دۆنم زەوی سووتان.
میدیاکانی ئەمەریکا بڵاویانکردووەتەوە کە بەهۆی بونی بای سانتا ئاناوە هەم ئاگرەکە بە خێرایی تەشەنە دەسەنێت و هەم دوکەڵ و هەورێکی چڕیش ئاسمانی ناوچەکەی گرتوەتەوە.
لە ئێستادا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە، دەسەڵاتدارانی ناوچەکە فەرمانیانداوە بە چۆڵکردنی ناوچەکە کە دەکەوێتە 50 کیلۆمەتر لە باکوری لۆس ئەنجلس و نزیک لە شاری سانتا کلاریتا.
ئەوە لە کاتێکدایە رۆژی 7ی ئەم مانگەش ئاگرێکی گەورە لە لۆس ئەنجلس کەوتەوە بەهۆیەوە 27 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 15 هەزار بینا و باڵەخانەش سوتان و زیانەکانیشی بە 250 بۆ 275 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.