Apora Logo

هه‌سه‌ده‌: له‌ 10 ڕۆژی ڕابردودا، 338 چه‌كداری نزیك له‌توركیامان كوشتووە

هه‌سه‌ده‌: له‌ 10 ڕۆژی ڕابردودا، 338 چه‌كداری  نزیك له‌توركیامان كوشتووە

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشكرایكرد، له‌ماوه‌ى 10 ڕۆژى ڕابردودا، 338 چه‌كدارى گروپه‌ توندڕه‌وه‌كانى نزیك له‌توركیا له‌لایه‌ن هه‌سه‌ده‌وه‌ كوژراون ‌و لە 48 كاتژمێری ڕابردوشدا دوو هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبون.

22/1/2025


ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ شه‌وى ڕابردوو ڕایگەیاند، لەكاتی ڕوبەڕوبونەوەیان لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)، (25) ئەندامی گروپە چەكدارەكانی نزیك لەتوركیا لەناوچە جیاجیاكانی ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب، کوژراون، هاوكات لەكاتی هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆسەر گوندو ناوچە نزیكەكانی بەنداوی تشرین، دوو هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبون.


ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، دوشەممەى ڕابردوو، دوای هێرشكردنەسەر بەنداوی تشرین لەلایەن گروپە چەكدارەكانی سەر بەتوركیا، لەلایەن هەسەدەو بەبەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان (12) ئەندامی ئەو گروپە لەڕۆهەڵاتی حەلەب كوژراون.


لەئێوارەی ڕۆژی یەکشەممەشه‌وه‌، بەفڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێزەكانی سوریای دیموكرات هێرشیانكردەسەر گروپە چەكدارەكانی توركیاو لەئەنجامدا هەشت ئەندامی ئەو گروپە لەدەوروبەری بەنداوی تشرین لەڕۆژهەڵاتی حەلەب كوژراون.


لەئەنجامی هێرشەكانی توركیاو بەمەبەستی پێشكەشكردنی هاوكاری بۆ چەكدارانی نزیك لەو وڵاتە، لەبەنداوی تشرین‌و پردی قەرەقۆزاخ لەگونده‌كانى ڕۆژهەڵاتی حەلەب، سوپای توركیا به‌رده‌وام تۆپبارانی سەخت هه‌یه‌، بەڵام لەلایەن هێزەكانی (هەسەدە)وە وەڵامده‌درێنه‌وه‌، لەگەڵ ئەوەی گروپه‌كانى نزیك له‌توركیا نەیانتوانیوه‌ هیچ بەرەوپێشچونێك تۆماربكەن، هاوكات هەسەدە توانیویه‌تى گورزى گه‌وره‌یان لێبدات.


ڕوانگەكه‌ ده‌ڵێت:"لەڕۆژی (12ی كانونی دوەمی 2024)وە تائێستا (46) هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبون كە لەنێوانیاندا شەش ژن بونیان هەیە، هەروەك لەهەمان ماوەی دیاریكراودا (338) ئەندام لەگروپە چەكدارەكانی نزیك توركیا كوژراون".


;