بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، بڕیارە ئەمڕۆ شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان )دەمپارتی( لە بەردەوامی هەوڵەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی سەردانی دورگەی ئیمڕاڵی بکەن و لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکە بۆ جاری دوەم کۆببنەوە.
بەشێک لە میدیاکان ئاماژەیان بەوەکردوە، شاندی دەمپارتی لە هەمان شاندی پێشو لە هەر یەک لە پەروین بوڵدان و سڕی سوریا ئۆندەر، پەرلەمانتارانی دەمپارتی، پێکدێت و بەشێکی دیکەش دەڵێن، دیار نیە ئەمجارە شاندەکەی دەمپارتی لە چ کەسانێک پێکدێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە لە 28ـی کانونی یەکەمی ڕابردو شاندی دەمپارتی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان کۆبونەوە و دوابەدوای ئەوەش لەگەڵ زۆربەی حیزب و لایەن سیاسیەکانی تورکیا بۆ گەیاندنی پەیامی ناوبراو لەسەر پڕۆسەی چارەسەری پرسی کورد کۆبونەوە و بڕیار بو ئەنجامی کۆبونەوەکە بگەیەننەوە بە ئۆجەلان.