Apora Logo

ئەمڕۆ 79 ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا تێدەپەڕێت

ئەمڕۆ 79 ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا تێدەپەڕێت

لە 22ـی کانوونی دووەمی 1946دا، پێشەوا قازی محەمەد دامەزراندنی کۆماری کوردستانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان راگەیاند.

22/1/2025


ئەمڕۆ 22ـی کانوونی دووەم، 79 ساڵ لەمەوبەر مەیدانی چوارچرای شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان، رووداوێکی گرنگیی لە مێژووی هاوچەرخی کورددا بەخۆوە بینی، پێشەوا قازی محەمەد لەو رۆژەدا دامەزراندنی کۆماری کوردستانی راگەیاند.


شاری مەهاباد پایتەختی کۆماری کوردستان بوو، شارەکانی بۆکان و نەغەدە و میاندواو و شنۆ و پیرانشار و سەردەشت لەگەڵ چەند شارێکی دیکە کەوتبوونە چوارچێوەی کۆمارەکەوە، قازی محەمەد لە هەوڵی ئەوەشدابوو پارێزگاکانی سنە و کرماشان و ئیلام بخاتە ژێر دەسەڵاتی کۆمارەوە، بەڵام کورتی تەمەنی کۆمار رێگەی بەوە نەدا.


لە کۆماری کوردستان قازی محەمەد وەک سەرۆک کۆمار دیاریکرابوو، کابینەکەشی لە سەرۆک وەزیران و 13 وەزیر پێکدەهات ، خاوەنی ئاڵا و سرودی نیشتیمانی و هێزی سەربازی خۆی بوو بەلام دراوی فەرمی نەبوو و لەوکاتەدا کاری بە دراوی ئێرانی دەکرد.


سەرچاوە مێژوویەکان باس لەوە دەکەن، کۆماری کوردستان خاوەنی 12 هەزار سەرباز بووە و بۆ یەکەم جار لە مێژووشدا لە کۆماری کوردستان وشەی پێشمەرگە بۆ هێزی سەربازیی کوردی بەکار هێنراوە.


کۆماری کوردستان گرنگیەکی زۆری بە بواری پەروەردە و رۆشنبیری دەدا، بۆ یەکەم جار خوێندگە و قوتابخانەی بەزمانی کوردی کردەوە، خوێندنگەی تایبەت بە ژنانیشی دروست کرد و بۆ یەکەمجار رادیۆی بە زمانی کوردی کردەوە.


هاوکات کۆماری کوردستان لە رووی ئابووریەوە پشتگیری جوتیارانی کرد و توانی لەو ماوە کورتەدا 400 تۆن توتن بۆ یەکێتی سۆڤییەتی ئەوکات هەناردە بکات.


لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، تەنها یەکێتی سۆڤیەت پشتگیری کۆماری کوردستانی دەکرد، بەڵام لە دواتردا، شای ئێران کۆمەڵێک ئیمتیازاتی لە بواری نەوت پێشکەشی یەکێتی سۆڤیەت کرد و ئەویش دەستبەرداری کۆمار بوو، تا لە دواتردا شای ئێران کۆتایی بە یەکەم کۆماری کوردستان هێنا و قازی محەمەد و 11 کەس لە سەرکردە دیارەکانی کۆماری کوردستان لە سێدارە دران.


;