رۆژی چوارشەممە، 22ی کانوونی دووەمی 2025، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا پەیامێکی لەبارەی کوردەوە لە ئێکس بڵاوکردەوە و گوتی، "کوردەکانی سووریا جوانی و ئازایەتییان بۆ گەلی سووریا زیاد دەکەن". دەشڵێت، "کۆمەڵگەی کوردی لە لایەن رژێمی ئەسەدەوە مامەڵەیەکی خراپیان لەگەڵدا کراوە".
وەزیری دەرەوەی سووریا ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ کوردەکان "بەیەکەوە کاردەکەین بۆ بنیاتنانەوەی وڵاتێک کە هەموان تێیدا هەست بە یەکسانی و دادپەروەری بکەن".
رۆژی 8ی کانوونی یەکەمی 2024 گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەوکاتی سووریا کە دیارترینیان دەستەی تەحریر شامە حکومەتی سووریایان رووخاند. دواتر، ئەو هێزانە حکومەتێکی کاتییان تاوەکو ئاداری ئەم ساڵ لەو وڵاتە پێکهێنا.
ئیدارەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هێزەکانی سووریای دیموکرات کە لە لایەن کوردەوە بەڕێوەدەبرێن و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پاڵپشتییان دەکەن دەستیان بە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی دیمەشق کردووە بۆ چۆنیەتی ئیدارەدانی وڵاتەکە.
تاوەکو ئێستا رێککەوتنی کۆتایی نەکراوە. دیارترین پرسی ناکۆکی نێوان هەردوولاش هێزە چەکدارەکانن.
رۆژی 19ی ئەم مانگە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گوتی: "بڕیارمان نەداوە چەکەکانمان رادەست بکەین یانیش هێزەکەمان هەڵبووەشێنینەوە، بەڵام ئامادەین گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی سوپایەکی نیشتمانیی یەکگرتوو بکەین".
هەمان رۆژ، مورهەب ئەبوو قەسرە، وەزیری بەرگریی سووریا رایگەیاند، "ئێمە دەڵێین ئەوان (هێزەکانی سووریای دیموکرات) بێنە نێو وەزارەتی بەرگری و بە پلانی سەربازی دابەشی سەر یەکەکان بکرێن". گوتیشی، هیچ کێشەیەک لەوەدا نابینین. ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد، سەبارەت بەوەی ببنە یەکەیەکی سەربەخۆ لە وەزارەتی بەرگری، "هەبوونی ئەم یەکەیە لەنێو دامەزراوەیەکی وا گەورەدا باش نییە".
یەکێکی دیکە لە پرسە گرنگەکان بۆ هاونیشتمانیانی رۆژئاوای کوردستان رێککەوتنی لایەنە سیاسییە کوردییەکانە. رۆژی 16-01-2025 سەرۆک بارزانی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە هەولێر کۆبووەوە، رۆژی سێشەممە 21-01-2025 لەگەڵ شاندی ئەنەکەسەش دیداری سازکرد.
فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەگەڵ سەرۆک بارزانی باسیان لە رۆژەڤی سووریا بەگشتی و پرسی کورد بەتایبەتی کردووە؛ جەختیان لە گرنگیی لێکنزیکبوونەوەی لایەنە کوردستانییەکانی رۆژئاوای کوردستان کردووەتەوە.