بەڕێز/ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
- وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان
- سەندیکای پزیشکانی کوردستان
- سەرجەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن
بەڕێزان...
ئێمەی دەرچووانی دانەمەزراوی کۆلێجی پزیشکی گشتی- ساڵی ٢٠٢٤، لە ڕێگەی ئەم یاداشتنامەیەوە، داخوازی و نیگەرانییەکانمان پەیوەست بە کێشەی دانەمەزراندنمان بە بەڕێزانتان ڕادەگەیەنین.
ئێمە کە دەرچووانی دانەمەزراوی ساڵی ٢٠٢٤ی کۆلێجی پزیشکی گشتی-زانکۆی هەولێری پزیشکین، ژمارەمان (٢٧٣) دەرچووە، ئەوە جگەلە دەرچووانی دانەمەزراوی زانکۆ حکومییەکانی دیکەی پارێزگای هەولێر و پارێزگاکانی دیکە. لە ماوەی هەموو ساڵانی ڕابردوودا و دوای تێپەڕبوونی ماوەیەکی کەم، پزیشکان دامەزرێنراون، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیار و ڕێنماییەک لەبارەی دامەزراندنی ئێمەوە نییە.
نیگەرانی پیشان دەدەین، کە سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە (٧) مانگ بەسەر دەرچوونمان، تاکوو ئێستا هیچ وەڵامێکی فەرمی و یەکلاکەرەوە لەبارەی داهاتوومان نەدراوە، ئەوەش ئێمەی لە دۆخێکی نادڵنیا هێشتووەتەوە. لێدوان نەدان و بڵاونەکردنەوەی نووسراوی فەرمی لەسەر ڕێکارەکانی دامەزراندنمان لەلایەن لایەنانی پەیوەندیدار، دەرگای بەڕووی ئومێدی بەتاڵی زارەکی و کاتی کردووەتەوە، ئەوەش دووبارە هۆکار بووە بۆ کەمکردنەوەی هیوای پزیشکان بە چارەسەرێکی حەتمی. ئەوە لە کاتێکدایە، بەهۆی بوونمان لە نەخۆشخانە حکومییەکان لە ماوەی خوێندنی پزیشکی، ئاگاداری کەمی ژمارەی پزیشکانین لەو دامەزراوە حکومییانە، پێویست نەبوون و پڕبوونەوەی نەخۆشخانەکان بە ژمارەی پێویست لە پزیشک پاساو نییە بۆ دانەمەزراندنمان.
لەو ڕوانگەیەوە چەند داواکارییەکی دیاریکراو دەخەینەڕوو بەمەبەستی وەرگرتنی وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی فەرمی و دوور لە بەڵێنی زارەکی و نافەرمی.
1. ڕاگەیاندنی وادەیەکی دیاریکراو بۆ دامەزراندنمان.
2. لەدوای ئەم یاداشتنامەیەوە، وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکان زانیاری ورد و تەواومان پێ بدەن لەبارەی ڕێکارەکانی دامەزراندنمان.
3. ڕوونکردنەوەی فەرمی بۆ نەهێشتنی دەنگۆکان سەبارەت بە تێکهەڵکێشکردنی پزیشکانی حکومەتی هەرێم لە نەخۆشخانە حکومی و تایبەتەکان.
وەک دەستەی پزیشکانی دانەمەزراو و بەناوی سەرجەم پزیشکانی دانەمەزراوەوە، مەبەستمانە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کێشەکەمان چارەسەر بکرێ. ئەوەش ڕادەگەیەنین کە چیتر توانای چاوەڕوانیمان نەماوە و لە ئەگەری درێژەدان بەو خەمساردییەی تا ئێستا هەیە، ماوەی (١٠) ڕۆژ و تاکوو ٣١ی کانوونی دووەم، دەرفەت بە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەدەین کە بە فەرمی وەڵامی داواکارییەکانمان بدەنەوە و بڕیار لەسەر دۆسیەکەمان بدەن. بە پێچەوانەوە، هەر ڕێگەیەکی مەدەنی و دیموکراسییانە لە گردبوونەوە و خۆپیشاندان و چالاکی ناڕەزایەتی لەبەر دەگرین و لەو چوارچێوەیەشدا بازنەی دەربڕینی ناڕەزایەتی و چالاکییە مەدەنییەکانمان بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان فراوان دەکەین. هەر لە ئێستاشەوە داوا لە تەواوی پزیشکانی دەرچووی دانەمەزراو لە سەرجەم زانکۆ و شارەکانی دیکە دەکەین بە ڕێگەی مەدەنی و یاسایییانە بەشداری لە دەربڕینی ناڕەزایەتی و بەرزکردنەوەی داواکارییە ڕەوا هاوبەشەکانمان بکەن.
دەستەی پزیشکانی دانەمەزراو- هەولێر
٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥