بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی هەرێم، بڕیارە یەکشەممەی داهاتوو پرسی مووچە یەکلابکرێتەوە و بڕیار بدرێت لەبارەی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و ئاڕاستەکردنی راسپاردەی پێویست بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق.
وەزارەتی دارایی هەرێم شەوی رابردوو، 20ی1ی2025، بڵاویکردەوە، لە ئەمڕۆ سێشەممەوە، تیمێکی هاوبەش لە هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی هەرێم پێکهێندرا و تیمەکە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەستبەکار بن و ئامادەکاریی پێویست دەکەن بۆ کۆبوونەوەی سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەسەر ئەرک و پابەندییەکانی هەردوولا بۆ ساڵی 2025.
وەزارەتی دارایی هەرێم لە کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراقدا رایگەیاندووە، کە کێشەکانی لیستی مووچەیان چارەسەرکردووە و هەر بۆیە تیمێکی وەزارەتی دارایی سەردانی هەولێر دەکات و وردبینی لیستەکان دەکرێتەوە.
پەرتەوازەیی کورد لە بەغداد وایکردووە، لاوازییەکی زۆر بەدیبکرێت و لایەنەکانی دیکە بتوانن بە حوکمی زۆرینە بەسەر دۆخەکەدا زاڵبن، هاوشێوەی ئەوەی لە 19ی مانگ روویدا و رێژەی ئامادەبوونی یاساییان شکاند.