Apora Logo

مەزڵوم عەبدی: نامانەوێت ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە سوریا دووبارە بکەینەوە

مەزڵوم عەبدی: نامانەوێت ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە سوریا دووبارە بکەینەوە

فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) ڕایگەیاند، نامانەوێت ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە سوریا دووبارە بکەینەوە، ئاشکراشیکرد کە ئەوان هیچ پەیوەندییەکی ئاشکرا و شاراوەیان لەگەڵ ئێراندا نییە.

19/1/2025


ڕۆژی یەکشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) لە دیمانەیەکی تەلەفزۆنیدا ڕایگەیاند:

 "دەبێت دەستوور مافەکانی کورد لە سوریا زامن بکات، ئێمەش لەگەڵ یەکگرتوویی خاکی سوریاداین".

ئاماژەی بەوەشکرد، کەوا بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا لە ئێستادا گرنگە بۆیە ئێمەش لەگەڵ مانەوەی هێزەکانی ئەمریکاداین.


 لەبارەی گومانی ئەوەی پەیوەندییان لەگەڵ ئێراندا هەبێت، مەزڵووم عەبدی گوتی: هیچ پەیوەندییەکی ئاشکرا و شاراوەمان لەگەڵ ئێراندا نییە، ئەگەر داوای پەیوەندیشمان لێ بکەن ڕەتی دەکەینەوە، چونکە ئێرانییەکان بەشێکی کێشەی سووریا بوون، گرووپەکانی ئێران لە دێرەزور چوار ساڵ هێرشیان کردە سەر ئێمە.


سەبارەت بەو درۆنانەی کە هێزەکانی سووریای دیموکرات هەیەتی، مەزڵووم عەبدی گوتی: خۆمان درۆنەکان دروستدەکەین و هەمووی دەستکردی خۆمانە، هیچ موشەکێکمان لە ئێران وەرنەگرتووە و ئێستە چەکی دژە درۆن دروست دەکەین، تاکو ئێستا 6 فڕۆکەی تورکیامان خستووەتەوە خوارەوە.  


لەبارەی لێدوانەکانی ئەحمەد شەرع، بەرپرسی ئیدارەی نوێی سووریاش گوتی: لێدوانەکانی ئەحمەد شەرع ئەرێنین، چاودێری جێبەجێکردنی قسەکانی دەکەین. 


لەبارەی بڕیاری ڕادەستکردنی چەکی گرووپەکان بە دەسەڵاتی نوێی سووریا، مەزڵووم عەبدی گوتی: ئێمە بریاری ڕادەستکردنی چەکمان نەداوە، بەڵکو گوتوومانە، لە داهاتوو دەبین بە شێک لە سووپای داهاتووی سووریا، پێشر ئەم قسەیەمان کردووە، ئێستاش هەڵگری هەمان پڕۆژەین، هێزەکانی سووریای دیموکرات خاوەنی ئەزموونی زۆرن و دەتوانن ڕۆڵیکی گەورە لە سوپای داهاتوودا ببینن. 


گوتیشی؛ نامانەوێت ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە سوریا دووبارە بکەینەوە.


فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) دەڵێت: سەرپێچی زۆر بەرامبەر گەلی کورد کراوە، دانی پێدا نەنراوە، ئێمە کوردین و لەسەر ناسنامەکانمان نووسراوە عەرەب، لەگەڵ ئەوەداین پاشگری عەرەب لە کۆماری سووریا بکرێتەوە، دەبێت مافەکانی کورد لە دەستوور زامن بکرێن، لە زمان و خۆبەڕێوەبەری و تەواوی پرسەکاندا.  


لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرعیش، مەزڵووم عەبدی گوتی: شەرع دەستپێشخەری کرد و بە زمانی کوردی چەند قسەیەکی کرد. 


گوتیشی: ئێمە لەگەڵ مانەوەی هێزەکانی ئەمریکاین لە سووریادا، پێمان وایە ئەمریکییەکان دەتوانن کۆتایی بە قەیرانی تورکیا بهێنن.


لە کۆتاییدا وتیشی؛ پاسپۆرتم بەناوی مەزڵوم عەبدییەوە نییە، بۆیە نەمتوانی ئامادەی ئاهەنگی دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ ببم.

;