درەنگانی شەوی شەممە تیک تۆک بەکارهێنەرانی لە ئەمریکا ئاگادارکردەوە کە ئەپی سۆشیال میدیاکەیان "بە شێوەیەکی کاتی بەردەست نابێت" لە ڕۆژی یەکشەممەوە کاتێک یاسای قەدەغەکردنی ئەپەکە لەو وڵاتەدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەگەر بەکارهێنەران هەوڵی چوونە ناو ئەپەکە بدەن، ئەوا پەیامێک دەبینن کە دەڵێت، “یاسا ناچاری کردووین خزمەتگوزارییەکانمان بۆ ماوەیەکی کاتی ڕابگرین، کاردەکەین بۆ گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییەکان لە ئەمریکا بە زووترین کات”.
ڕۆژی هەینی دادگای باڵای ئەمریکا یاسایەکی پەسەند کرد کە تیکتۆک لە ئەمریکا قەدەغە دەکات بە پاساوی ئاسایشی نیشتمانی .
بڕیارەکەی دادگاکە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا و ١٧٠ ملیۆن بەکارهێنەری ئەمریکی لە دۆخێکی نادیاردا هێشتەوە، چارەنووسیشی کەوتە دەستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، کە سوێندی خواردووە تیک تۆک ڕزگار بکات دوای ئەوەی ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو دەگەڕێتەوە بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا.