سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ شاندێک بۆ پرسی مووچە، رێککەوتنی نوێ و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا و لەگەڵ تایف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆدەبێتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 19ـی کانوونی دووەمی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ئامانجی سەردانەکە، تاوتوێکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەگشتی، مووچەی کانوونی یەکەمی 2024 و پرسە ئابوورییەکانی دیکەی نێوان هەولێر و بەغدایە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان 11 مووچەی ساڵی رابردووی دابەشکردووە، لەکاتێکدا وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، مووچەی سەرجەم مانگەکانی ناردووە.
شاندەکە پێکدێت لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران.
تاوەکو ئەمڕۆ مووچەی مانگی 12ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە.