جەیمس ئیڵدر، گوتەبێژی یونیسێف، لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا لە جنیف ڕایگەیاند، بەدرێژایی 14 مانگ، ڕۆژانە 35 منداڵ لە کەرتی غەززە بەدەستی هێزەکانی ئیسرائیل کوژراون. راشیگەیاند " لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ەوە تاوەکو ئێستا 15 هەزار منداڵ کوژراون."
هەروەها ئاژانسی ئۆنروا، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، "مانگانە نزیکەی 475 منداڵ، یان ڕۆژانە 15 منداڵ بەهۆی بەکارهێنانی ئەو چەکانەی ئیسرائیل لە ساڵی 2024 لە کەرتی غەززە بەکاری هێناوە، دەبنە خاوەن پێدایستی تایبەت."
یونیسێف ئاماژەی بەوەش کردووە، "تەنیا لە هەفتەی یەکەمی ساڵی 2025، لانی کەم 74 منداڵ لە کەرتی غەززە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون."
بڕیارە سبەینێ یەکشەممە، ئاگربەستی شەڕ لە کەرتی غەززە جێبەجێ بکرێت و لە یەکەم قۆناغیشدا 33 بارمتە دەستی چەکدارانی حەماس بەرانبەر بە ئازادکردنی 737 زیندانی فەڵەستینی ئاڵوگۆڕ بکرێن.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی دەستەی ناوەندی ئاماری فەڵەستین، لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 ـەوە لە دوای هێرشی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل تاوەکوو 15ی ئەم مانگە 47 هەزار 559 فەڵەستینی لە کەرتی غەززە کوژران و 116 هەزار و 965 کەسی دیکەش برینداربوون، هەروەها دوو ملیۆن کەس ئاوارە بوون و 18 هەزار و 700 کەسیش دەستگیرکراون.
بەهۆی شەڕ و پێکدادان و بۆمبارانەکانیشەوە 170 هەزار و 812 باڵەخانە و خانوو وێران بوون.