Apora Logo

هەشت خاڵ لەبارەی دیدارەكەی بارزانی و جەنەڕاڵ مەزڵوم

هەشت خاڵ لەبارەی دیدارەكەی بارزانی و جەنەڕاڵ مەزڵوم
نیاز عەبدولڵانیاز عەبدولڵا

نیاز عەبدوڵڵا

17/1/2025



كۆبوونەوەی جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری هەولێر، بە سەرپەرشتی و لە ژێرفشاری ئەمریكا و فەرەنسا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی؛ دەستپێكی قۆناغێكی گرنگە و دەكرێت بەهۆیەوە چەندین ئامانجی ستراتیژی بەدیبهێندرێت و لە رێگایەوە گۆڕانكاری دروست بكرێت، لەوانە:

-بەهێزتركردنی پێگەی كورد لە رۆژئاڤای كوردستان لە ناو دانووستانەكانی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی سوریا، تاڕاددەی مسۆگەركردنی پاراستنی قەوارەی باكور و رۆژهەڵاتی سووریا.

-گەیشتنە ئەنجامی ئەوەی، ناكرێت ئەزموونی هێزەكانی پێشمەرگەی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە رۆژئاڤای كوردستان دووبارەبكرێتەوە و لە رێگای ئەنەكەسەوە هێزی شەڕڤانانی رۆژئاڤا دابەش دووبكرێت، بۆیە پێویستە ستراتیژی سەربازی نیشتیمانی ئێستای رۆژئاڤا پارێزگاری لێبكرێت لە رێگای تێگەیشتنی سیاسی لەگەڵ ئەنەكەسە، كە بارزانی رۆڵێكی گەورەی هەیە لە ئاراستەكردنی باڵی سیاسی و سەربازییاندا.

-ئەنجومونی نیشتیمانی كوردی (ئەنەكەسە) لە هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی رژێمی سووری (الائتلاف الوطني لقوى الثورة والمعارضة السورية)

بكشێتەوە، كە پێشتر بە فەرمان و چاودێری توركیا دژ بە رژێمی ئەسەد لە ساڵی ٢٠١٢ لە قەتەر دروستكرا، چونكە لە ئێستادا رژێمەكەی ئەسەد رووخاوە و ئەوان هێشتا بنكەیان لە توركیا و هەولێر هەیە و پێشتر لەشەڕی ناوخۆی سوریادا بەشداربوونە، ئەگەر هێزێكی ئۆپۆزسیۆنیشبن دەبێت ئاراستەی سیاسییان لە ئۆپۆزسیۆنبووندا دەستنیشانبكەنەوە. هەروەها بۆئەوەی ئەنەكەسە نیازپاكی خۆی لەبەردەم كورد و گەلانی دیكەی رۆژئاڤا بسەلمێنێت بەوەی وەكو هێزێكی پاشكۆی توركیا بەردەوام نابێت، چونكە توركیا چەندین ساڵە ئەنەكەسە وەكو فشار لەسەر باكور و رۆژهەڵاتی سوریا بەكاردەهێنێت و بە "كوردی باش" ستایشیان دەكات لەبەرئەوەی ئەوان نوێنەرایەتییەكی ژێردەستەی توركیا دەكەن، بۆیە بە هەسەدە-ش دەڵێت "كوردی خراپ". لە ئێستاشدا ئاراستەی ئەمریكا و فەرەنسا و وڵاتانی هاوپەیمان ئەوەیە، كە ئەنەكەسە لەو هاوپەیمانییە ژێردەستەی توركیا بێتە دەرەوە.

-گەیشتنە رێككەوتنی هاوبەش لەسەر چەند خاڵێكی ستراتیژی نیشتیمانی، تا هیچ هێزێكی كوردی لە بەشەكانی كوردستانەوە نەبێتە هاوكاری وڵاتانی داگیركەری كوردستان؛ شەڕكردنی راستەوخۆ و بە وەكالەت لەگەڵ یەكتری، هەروەها پێدانی زانیاری سیخوڕی و سەربازی تایبەت بە هێزی بەشەكانی كوردستان بە داگیركەران وەك خیانەت و كارێكی قەدەغە بخرێتە چوارچێوەی كاری سیاسی و سەربازییەوە.

-رووماڵكردنی رۆژنامەوانی نابەرپرسیارانە و هێرشی میدیاكانی پارتی دیموكرات لە نموونەی (ئاڤا میدیا، كوردستان ٢٤، رووداو، ...) بووەستێندرێت و چیتر وەكو زمانحاڵی توركیا رووماڵی گواستنەوەی شەڕ و زانیارییەكان نەكەن لە رۆژئاڤای كوردستان؛ بە پێچەوانەوە لە لایەن میدیای رۆژئاڤا-شەوە هەر كاردانەوەیەك هەبێت بەرامبەر بە سیاسەتی پارتی و رووماڵكردنی میدیاییان، پێویستە بووەستێندرێت. جگە لە گەیاندنی زانیاری راست بە وەرگر، هیچ ئامانجێكی سیاسی دیكە بارگاوی نەكرێت بەرووماڵی رۆژنامەوانی تایبەت بە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا.

-رێككەوتن بكرێت لەسەر ئەوەی هەرێمی كوردستان لەژێر هەر فشار و دۆخێكدابێت نابێت پێشوازی لە پاشماوەی هێزە بەعسییەكانی رژێمە رووخاوەكەی ئەسەد بكات. هەروەها رێگا نەدرێت لەو ناوچانەی دەوڵەتی توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان داگیریكردووە، هێزە میلیشاییە تیرۆریستییە ئیسلامییە سوورییەكانی سەربە توركیا بهێنێتە ئەو ناوچانە، تا هەرێمی كوردستان پارێزراوبێت و نەبێتە مۆڵگەی پاشماوەی بەعسییەكان و تیرۆریستەكان، چونكە پاشماوەكانی ئەسەد وەك پاشماوەكانی سەدام حوسێن بەبێ بەرنامەی سیاسی و سەربازی نابن و توركیاش دەستەوەستان نابێت.

-گەڵاڵەكردنی ستراتیژی هاوبەشی سەربازی لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان و شەڕڤانانی رۆژئاڤا (هەسەدە) تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی تیرۆریستانی داعش و پاراستنی كوردستان.

-ئەوەی مانا و بەهایەكی قوڵتری بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوە مێژووییەكەی مەسعود بارزانی و جەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی بەخشی، ئامادەیی و بەشداری راستەقینەی ژنە لەناو سیاسەتی رۆژئاڤای كوردستاندا، بە جۆرێك حیزبێكی وەك پارتی دیموكرات بە پێنج پیاو و بەبێ هیچ ژنێك لە كۆبوونەوەكەدابوون، بەڵام لەناو چواركەسی شاندەكەی رۆژئاڤادا دوانیان ژن بوون. دەكرێت ئەمە دەرفەتێكی گەورەبێت بۆ حیزبێكی تەمەن ٧٨ ساڵی وەكو پارتی دیموكرات كە چیدیكە بەشداری راستەقینەی ژنانی حیزبەكەی نەخاتە پەراوێزەوە و لایەنی كەم لە دانووستان و كۆبوونەوەكاندا پێگەی شیاویان بۆ مسۆگەربكات.

كورد لە ناو تەواوی نەخشە و داڕشتنەوەكانی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تەنیا بە بونیادنانی خاڵی هاوبەشی نیشتیمانی و پابەندبوون بە بەهاكانی دیموكراسی و پێكهێنانی هاوپەیمانی هاوبەشی بەهێز، دەتوانێت رووبەڕووی مەترسی و ئاڵنگارییەكان ببێتەوە، ئەو قەوارە سیاسیانەشی بپارێزێت كە بەدەستیهێناوە، بۆیە بەردەوامی گفتوگۆكانی نێوان بارزانی و جەنەڕاڵ مەزڵوم گرنگ دەبن بۆ دوورخستنەوەی دەستتێوەردانەكان لەكاروباری رۆژئاڤا و كەمكردنەوەی فشارەكانی توركیا لەسەر كورد.

;