هەسەدە، دەنگۆی رێککەوتنی هێزەکانیان لەگەڵ ئێران بۆ کڕینی ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان رەتکردەوە و دەڵێت: مەبەست لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی لەوجۆرە لەلایەن میدیاکانی تورکیاوە، دروستکردنی دژایەتی رای گشتی جیهانە بەرامبەر بە رۆژئاوای کوردستان.
فەرهاد شامی، بەرپرسی راگەیاندی هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە لەبارەی دەنگۆی ڕێککەوتنی هێزەکەیان لەگەڵ ئێران بە مەبەستی کڕینی هەزار و 500 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ڕەتکردەوە و دەڵێت: میدیای تورکیا کە پشتیوانی لە سیاسیەتی جینۆسایدی حکومەتی تورکیا دەکات دژی گەلانی ناوچەکە هەواڵی ناڕاست بڵاودەکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانج لە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵانە، دروستکردنی دۆخێکە لەلای ڕای گشتی نێودەوڵەتی بۆ دژایەتیکردنی گەلەکەیان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.
بەرپرسەکەی هەسەدە وتیشی، شەڕڤانانمان کە سودیان لە شارەزاییەکانیان لە شەڕی دژی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش وەرگرتوە، لەم دواییانەدا توانا سەربازییەکانی خۆیان پەرەپێداوە کە یەکێک لەوانە دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە و ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەش بەرهەمی ئەزمونی هاوڵاتیانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریان.