بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، لە ئێستادا سیستەمی ئەپلیکەیشنی نۆرەگرتنی ئەلیکترۆنی ( حجز الكترونی ) لە هەر چوار نوسینگەكەی پاسپۆرتی هەولێر کارا کرایەوە و لە ئێستادا نۆرە بۆ ھەفتەی داھاتو بەردەستە، دەشڵێت، "ئەو ھاولاتیانەی نۆڕەیان بۆ شەفتی ئێوارەیە پێویستە دو کاتژمێر پێش کاتی نۆرەکەت لە نوسینگەی پاسپۆرت ئامادەبیت بۆ ڕایی کردنی مامەلەکەت".
بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، سیستەمی ئەپلیکەیشنی نۆرەگرتنی ئەلیکترۆنی (حجز الكترونی) کارایە و هاوڵاتیان دەتوانن نۆرە دابنێن بۆ پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی لە ھەرچوار نوسینگەی سنوری پارێزگای ھەولێر، لە ئێستادا نۆرە بۆ ھەفتەی داھاتو بەردەستە كە بریتین لە نوسینگەی یەک و دوی پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر و نوسینگەی پاسپۆرتی سۆران و نوسینگەی پاسپۆرتی کۆیە.
ئاماژەی بەوەشكرد، دانانی نۆرە لە ڕێگای ئەپلیکەیشنی (الجواز العراقی) دەبێت لە ڕێگای مۆبایلەکەی خۆتەوە کە بۆ هەردو سیستەمی ئاندرۆید و ئای ئۆ ئێس بەردەستە یان لە رێگای ویبسایت کە لەخوارەوە لینکەکەی دانراوە دەتوانی حجزەکە بکەیت و نۆرە بۆ خۆت و ئەندامانی خێزانەکەت دابنێیت، کات و رۆژی سەردانت دیاری دەکەیت و لە کۆتاییدا بارکۆدێکت بۆ دیار دەکەوێت، وێنەی بگرە و لەمۆبایلەکەت ھەلیگرە لە رۆژی سەردانی کردنت بەکاردێت بۆ ڕایی کردنی مامەلەکەت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، پێویستە کارتی بانکی (ماستر کارد یان ڤیزا کاردت پێ بێت لەکاتی سەردانی کردن) و بەناوی خۆت بێت و دیناری عیراقی تێدابێت بۆ پێدانی ڕسومات کە بڕەکەی 91 هەزار دینارە.
ئەوەشی خستەڕو، کارتی نیشتمانی ڕەسەن مەرجە بۆ دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرت، هەروەها پاسپۆرتی کۆن ئەگەر مامەڵەکەت بۆ نوێ کردنەوەی پاسپۆرت بێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ھاولاتیانەی نۆڕەیان بۆ شەفتی ئێوارەیە پێویستە دو کاتژمێر پێش کاتی نۆرەکەت لە نوسینگەی پاسپۆرت ئامادەبیت بۆ ڕایی کردنی مامەلەکەت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، بۆ خوار 18ساڵ پێویستە باوک (وەلی ئەمر)خۆی ئامادەبێت لەکاتی جێبەجێ کردنی مامەلە و وەرگرتنەوە.