مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە هۆشداری لە مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش لە سووریا دەدات و رایدەگەیێنێت، ئەو گرووپە دەیەوێت بۆشایی ئەمنی بۆ بەهێزبوونەوەی بەکاربهێنێت. دەشڵێت، گرووپەکە پلان دادەنێت بۆئەوەی گرتووخانەکان بشکێنێت و ژمارەیەک لە زیندانییەکانی رزگار بکات.
رۆژی 13ی کانوونی دووەمی 2025 مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ رۆژنامەی زە سەنی بەریتانی بڵاوکرایەوە.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە گوتی، "نەک تەنیا داعش، بەڵکو مەترسیی گرووپە جیهادییەکان بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی ئەو بنەمایانەی لەسەری دروستکراون تێکدەشکێندرێن." ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە "لە رووبەڕووبوونەوەیان بەردەوام بین."
مەزڵوم عەبدی باسی لەوە کرد، داعش هێشتا مەترسییەکی جیدییە لەسەر هەموو جیهان، نەک تەنیا سووریا. دەشڵێت، نزیکەی 60 هەزار چەکداری داعش و ئەندامانی خێزانەکانیان لە کەمپەکانی هۆل و رۆژ-دان.
بەگوێرەی میدیای بەریتانی، لەو چەکدارانەی داعش کە لە گرتووخانەکانی ژێر دەستی هەسەدە-دان، ئەمریکا دوو هەزاریانی بە "زۆر مەترسیدار" پۆلێن کردووە.
پلانی شکاندنی گرتووخانەکان
بەپێی گوتەکانی مەزڵوم عەبدی، پلانێکی شکاندنی گرتووخانەیەکیان شکستپێهێناوە و زانیاریی هەواڵگرییان هەیە داعش دەیەوێت ئەندام و چەکدارەکانی رزگار بکات. ئەو جەختی لەوەش کردەوە، "داعش هێشتا دەیەوێت یان پلان دادەنێت بۆ شکاندنی گرتووخانەکان". هەروەها، هۆشداریی ئەوەشی دا، ئەگەر داعش لەو هەوڵەیدا سەرکەوتوو بێت، ئەوا دەبێتە مەترسیی شەپۆلێکی گەورەی "تیرۆر" لە هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەرەوەشیدا.
مەزڵوم عەبدی ئەوەشی خستەڕوو، "مەترسیی داعش لە کەمپەکان و گرتووخانەکاندا بەردەوامە لە زیادبوون و بەگشتی جووڵەیان زیادی کردووە. پێویستە هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە بۆ شەڕکردن دژی داعش، ئەگەر بمانەوێت رێگری لە سەرهەڵدانەوەیان بکەین."
لە گوتەکانیدا فەرماندەی گشتیی هەسەدە روونیکردەوە، پێشتر چەند چەکدارێکی داعش لە زیندانەکانی ژێر دەستیان هەڵاتوون و چوونەتە نێو سوپای نیشتمانیی سووریا و دەستەی تەحریر شام. هۆشداریشی دا، ئەو گرووپانە دەکرێت زیندانییە داعشەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان ئازاد بکەن، بیانبەنە ریزەکانی خۆیانەوە و پلەی سەربازییان پێبدەن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا عەبدی ئاماژەی بەوە کردووە، "ئەوان (دەستەی تەحریر شام و سوپای نیشتمانیی سووریا) دەیانەوێت هەمان شت لەم ناوچەیەش (کەمپ و گرتووخانەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە) بکەن. کاتێک باسی گرتووخانەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەکەن، ناڵێن ئەوانە چەکداری داعشن، بەڵکو دەڵێن ئەوانە زیندانین. ئەوان هەوڵدەدەن بڵێن، هیچ جیاوازییەک لەنێوان چەکدارانی داعش و زیندانییەکانی دیکە نییە، بەڵام لە ناوچەکانی ئێمەدا هیچ زیندانییەک نییە، ئەوەی هەیە چەکداری داعشن."
گەڕاندنەوەی چەکدارە بیانییەکانی داعش بۆ وڵاتانی خۆیان
فەرماندەی گشتیی هەسەدە بە پێویستی دەزانێت، بە زووترین کات چەکدارەکانی داعش و خێزانەکانیان بگەڕێندرێنەوە وڵاتەکانیان؛ ئەمە دوای ئەوەی لە دادگەیەکی نێودەوڵەتیدا دادگەیی دەکرێن و قوربانییەکانیش مافی خۆیان وەردەگرنەوە.
هەفتەی رابردوو سباستیان گۆرکا، راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر رایگەیاند، هەر وڵاتێک دەیەوێت ببێتە "هاوپەیمانێکی جیدیی" ئەمریکا، پێویستە چەکدارانی داعش و خێزانەکانیان لە سووریا بگەڕێنێتەوە.
هەروەها فەرماندەی گشتیی هەسەدە رەخنەی لە وڵاتانی رۆژئاوا گرت کە وەکو پێویست کاریان بۆ ئەو پرسە نەکردووە.
مەزڵوم عەبدی: ئەمریکا هاوکارمانە لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ تورکیا و سووریا
لە گوتەکانیدا عەبدی داوای لە واشنتن کرد هاوکارییان بکات لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ لایەنەکان، بۆئەوەی بتوانن داهاتووی کوردانی رۆژئاوای کوردستان و کەمینەکانی دیکەی ژێر کۆنترۆڵیان فەراهەم بکەن.
ئەو دەڵێت، "دەزانین بارودۆخێکی نوێ لە سووریا هەیە و ئێمەش مامەڵە لەگەڵ ئەو راستیە نوێیەدا دەکەین. پێویستە سووریا یەکگرتوو بێت و هەڵوێستی ئێمە ئەوەیە، سووریا نابێت دابەش بکرێت و پێویستە مافی هەموو کەمینەکان پارێزراو بێت."
ئاماژە بەوەش دەکات، ئەمریکا هاوکاریانە لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ تورکیا، دەستەی تەحریر شام و سوپای نیشتمانی سووریا، بۆئەوەی بتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن لەپێناو داهاتووی سووریا دا.
رۆژی 8ی کانوونی یەکەمی رابردوو، دەستەی تەحریر شام و گرووپە چەکدارەکانی دیکە سەرکەوتن لە رووخاندنی حکومەتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە. دواتر، حکومەتێکی کاتی تاوەکو ئاداری ئەمساڵ لەو وڵاتە پێکهێندرا.
لە رووخاندنی حکومەتی بەشار ئەسەدەوە، هێرشی سوپای نیشتمانی سووریا و تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، بەتایبەت نزیک بەنداوی تشرین و منبج زیادیان کردووە. سوپای نیشتمانیی سووریا بە گرووپێکی نزیک لە تورکیا دادەندرێت.
لەوبارەیەوە مەزڵوم عەبدی دەڵێت، پێویستە وڵاتانی رۆژئاوا گوشار بۆ وەستاندنی ئەو هێرشانە بکەن.