Apora Logo

کۆبونەوەیەک سەبارەت بە کێشەی ژینگەی هەولێر ودهۆک بەرێوەچوو

کۆبونەوەیەک سەبارەت بە کێشەی ژینگەی هەولێر ودهۆک بەرێوەچوو

سەرۆکی حکومەت سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە چارەسەرکردنی کێشەی پیسبوونی کەشوهەوای هەولێر و دهۆک کرد

12/1/2025



ئەمڕۆ یەکشەممە 1/12، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی کێشەی پیسبوونی کەشوهەوای هەردوو شاری هەولێر و دهۆک.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی دا بەوەی پرسی ژینگەپاريزی بەشێکی گرنگی کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و پێویستە ئەرک و خەمی هەموومان بێت و دەبێت ژینگە و سروشتی جوانی کوردستان بە پاکی ڕابگرین و پاراستن و پاکڕاگرتنی ژینگە ئەرکی هەموو لایەکمانە. سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتییان و ژینگەی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەی پیسبوونی کەشوهەوا، بەلای ئێمەوە زۆر گرنگە و ئەرکێکی لەپێشینەی حکومەتە و لەمبارەیەوە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕێگریکردن لەو هۆکارانەی دەبنە هۆی پیسبوونی هەوا و ژینگە و سزادانی سەرپێچیکاران بگرنەبەر.

لەمبارەیەوە بڕیار درا؛

یەکەم: لە ئەمڕۆوە هەر پاڵاوگەیەک، یان هەر کارگەیەک کە لە دەرەوەی مەرج و ڕێنماییەکان کار بکات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر.

دووەم: ڕێگە لە هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کەس و لایەنێک دەگیرێت کە سووتەمەنیی پیسی ئوتومبێل بەرهەم دێنێت یان بە قاچاخ دەیهێنێت و زیانی تەندروستیی هەیە. هەروەها دەبێ سنوورێک بۆ سووتانی گازی هاوەڵ (الغاز المصاحب) لە کێڵگە نەوتییەکان دابنرێت.

سێیەم: دەبێ خاوەنی موەلیدەکانی کارەبا، پابەندی ڕێنماییەکانی حکومەت بن و فیلتەریان بۆ دەنگ و پیسی هەبێت و هەر کەسێک سەرپێچی بکات، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر.

چوارەم: ڕێگری لە بەکارهێنانی ئاوی پیس و ئاوەڕۆکان بکرێت کە بۆ ئاودانی سەوزە و ئاودێری بەکار دەهێنرێت.

;