ئەگەرچی لەسەرەتای دامەزراندیدا ژمارەیەك لە ئەفسەرانی كورد لە ریزی سوپای عێراقدا بون و پلەی باڵایان هەبو، بەڵام لە دوای روخاندنی رژێمی پاشایەتی و هاتنە سەركاری رژێمی كۆماری، كورد لە باشوری كوردستاندا زۆرترین زیانی گیانی و مادی لەلایەن سوپای عێراقەوە پێگەیشتوەو سوپای عێراق بەشداربوە لە سەركوتكردنی هەمو شۆڕشەكانی كورد لە باشوری كوردستاندا و ئەو سوپایە دڕەندەترین تاوانی دژ بە گەلی كورد ئەنجامدا، كە خۆی لە تاوانی ئەنفال و كیمیابارانكردنی هەڵەبجەو ناوچەكانی تری كوردستاندا دەبینێتەوە و سەرەرای خاپوركردنی هەزاران گوندو شار و شارۆچكەی كوردستان.
مێژووی سوپای ئێستای عێراق دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1921 کە لەژێر دەسەڵاتی شانشینی عێراق و شا فەیسەڵی یەکەم دروست کرا. یەکەم یەکەکانی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە سەردەمی داگیرکاری بەریتانی دروست کرا و وەزارەتی بەرگری عێراقیش بە سەرۆکایەتی سەردار جەعفەر عەسکەری دروست کرا، کە هەستا بە وەرگرتنی کەسانی خۆبەخشی عێراقی و دواتر بەتالیۆنی ئیمام موسای کازم دروست کرا.
سوپای عێراق لە مێژوی رابردویدا بەشداری چەندین شەڕ و ململانێی ناوخۆ و كودەتای كردوەو یەكەمین شەڕیشی لە دژی دەسەڵاتدارانی بەریتانیا بو لە ساڵی (1941) و دواتر بە سەركردایەتی عەبدولكەریم قاسم سوپا كودەتای كردو كۆتایی بە رژێمی پاشایەتی لە عێراق هێنا. جگە لە كودەتا سەربازییەكانی سوپای عێراق لە رابردودا بەشداری چەندین جەنگی كردوە لەوانەش جەنگی هەشت ساڵەی عێراق- ئێران و جەنگی داگیركردنی كوەیت و جەنگی كەنداو، شەڕی سەركوتكردنی شۆڕشەكانی كورد و راپەڕینی پارێزگاكانی باشوری عێراق لە ساڵی (1991)دا.
لهسهروبهندی جهنگی عێراق و ئهمهریكا له (2003)، سوپای عێراق له (300) ههزار سهرباز پێكهاتبو، كه لهپێنج فهیلهقدا رێكخرابون، بریتی بون له (11) فیرقهی پیاده، (3) ئالیات، (3) زرێپۆش. بهر لهدهستپێكردنی جهنگ، بهپێی پلانێكی سهربازیی لهكهركوك، دیاله، ناسریه، عهماره، موسڵ جێگیركرانو ئهركی پاراستنی بهغداش بهدو فیرقهی گاردی كۆماری سپێردرا.
دوای روخاندنی رژێمەكەی سەدام حسێن لەلایەن سوپای هاوپەیمانانەوە بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا، پۆڵ بریمەر حاكمی مەدەنی ئەوكاتەی ئەمەریكا بە بڕیارێك لە رۆژی (23)ی ئایاری (2003) سوپای عیراقی هەڵوەشاندەوەو جارێكی تر سوپایەكی نوێ لە (17) فیرقە پێكهێنرایەوە.
پێگەی کورد لە سوپادا
دوای دەستپێكردنی دانوستانەكانی پێكهێنانەوەی حكومەتی نوێی عێراقیش لایەنە سیاسیەكان بەمەبەستی كەمكردنەوەی رۆڵی سوپا لە پرۆسەی سیاسی و جێگیركردنی دیموكراتیەت و حوکمی مەدەنی، لەدەستوری عێراق لە بڕگەی ئەلفی مادەی (9) دەقێكیان جێگیر كرد كە بەپێی ئەو دەقە، دەبێت سوپای عێراقو دامەزراوە ئەمنییەكان لە سەرجەم پێكهاتەكان پێكبهێنرێنو هاوسەنگی بپارێزرێتو هیچ لایەنێك پەراوێز نەخرێت، لەژێر چاودێریی دەسەڵاتی مەدەنیدا بێت و نابێت بكرێتە ئامرازێك بۆ سەركوتكردنی گەل و بەشداری لەكاروباری سیاسیدا بکات.
یەكێتی و پارتی دەیانتوانی بەپێی ئەو مادەیە لە دەستوری عێراقی رێژەی كورد لە سوپا بپارێزن، كەچی نەیانكرد، بەجۆرێك لەئێستادا رێژەی كورد لە سوپای عێراق لەنێوان (1٪ بۆ 2٪)یە، ئەوەش لە كاتێكدایە ئەو رێژەیە لەسەرەتای دروستبونی سوپای عێراق لە ساڵی (1921) رێژەی كورد (20٪) بوە، لەدوای دروستبونەوەی سوپای عێراقیش لە ساڵی (2003)وە رێژەی كورد لە سوپای عێراق (8%) بوە.
كورد ساڵی (2005) دەنگیان دا بەدەستوری نوێی عێراق و لە دەستورەكەشدا هێزی پێشمەرگە بە پاسەوانی هەرێم ناونرا، بەڵام بەهۆی پەیڕەوكردنی سیاسەتی حیزبایەتی لەلایەن یەكێتی و پارتییەوە پێش خەمی نیشتیمانی، ئەو دو حیزبە نەیانتوانی ئەم مادەیەی دەستور جێبەجێ بكەن.
بەهۆی ئەوەی پێشمەرگە وەك هێزێكی نیشتیمانی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە مامەڵەی لەگەڵ نەكراوە، سەرباری نەدانی موچە، عێراق لە ساڵی (2003)وە تا ساڵی (2015) سوپای عێراق بە بەهای (149) ملیار دۆلار گرێبەستی كڕینی چەك لەگەڵ كۆمپانیا جیهانیەكان واژۆكردوە و پێشمەرگەش هیچی لەو چەكە پێنەدراوە.
یەكێتی و پارتی لە ماوەی رابردودا بەو پۆستانەی لەدەستیان بو دەیانتوانی زۆر شت بۆ پێشمەرگە بچەسپێنن، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەمو ئەو پۆستانەی كە بەناوی كوردەوە وەریانگرتوە و لە خزمەتی حیزبیان بەكارهێناوە، دۆخی هەرێم و پێشمەرگە بەم رۆژە گەیاند.
پۆستەكانی كورد لە ماوەی رابردودا كە لەلایەن پارتی و یەكێتیەوە نوێنەرایەتی كراون بریتی بون لە:
* بابەكر زێباری سوپا سالاری عێراق لەسەر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان ساڵی (2003) وە تا خانەنشین بونی لە ساڵی (2015) خانەنشین بوە.
* بروسك نوری شاوەیس لەسەر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی (2004)وە ئەمینداری گشتی وەزارەتی بەرگری عێراق بوە بەپلەی بریكاری وەزیر.
* فەریق روكن عوسمان ساڵح لەسەر پشكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پۆستی یاریدەدەری سوپا سالاری عێراقی وەرگرتوە.
* ئەنوەر حەمە ئەمین لە ساڵی (2008)وە لەسەر پشكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پۆستی فەرماندەی هێزی ئاسمانی عێراقە.
لەگەڵ چەندین پۆست و پلەی دیکە کە تائێستاش بەرپرسانی یەکێتی و پارتی نوێنەرایەتی دەکەن لە سوپای عێراق.
هێرشی سوپا بۆ سەر کورد
سوپای عێراق لە ماوەی تەمەنیدا زیاتر لە حەوت جار (سەردەمی رژێمی بەعس) هێرشی كردوەتە سەر كوردستانو بۆتە هۆی سەركوتكردنی شۆڕشەكانو راپەڕینو روخاندنی شارو شارۆچكەو گوندەكانی كورد، تا كار گەیشتۆتە ئەنفالكردنو كیمیاییبارانكردنی خەڵكی كوردستان و ئێستاش رۆژ بە رۆژ پێگە و ژمارەی كورد لە ناو سوپاكەدا رو لە كەمی دەكات.
لە دوای روخانی رژێمی سەدام لە ساڵی (2003) چەند جارێک سوپای عێراق جموجوڵی سەربازی و هێزیان بەرەو ناوچە کوردستانییە کێشە لەسەرەکان جوڵاندوەو بەریەککەوتنی سەربازی رویداوە، کە دواترینیان روداوەکانی پاش (16)ی ئۆکتۆبەری ساڵی (2017) بو.
(16)ی ئۆکتۆبەر و گەڕانەوەی سوپا
لەدوای پڕۆسەی ئازادی عێراقەوە، دۆسیەی کەرکوک وەک کێشەیەک، لە نێوان کورد و هێزه عێراقییهكاندا یهكلایی نهدهكرایهوه، ئەمە سەرباری کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردنی مادەی (140) و ئاسایی کردنەوەی بارودۆخەکە، بەڵام لە ساڵی (2014) و دوای هێرشەکانی داعش بۆ عێراق و هەڵاتنی سوپای عێراق لە کەرکوک، بوە هۆکاری ئەوەی کورد بە تەنیا ئیدارەی کەرکوک بکەن و هێزی پێشمەرگە شوێنی سوپای عێراقی گرتەوە.
پاش ریفراندۆمەکەی ئەیلولی ساڵی (2017) ی هەرێمی کوردستان و کەرکوک، دۆخەکە بە زیانی کورد وەرچەرخانی بەخۆوە بینی و له (16)ی ئۆكتۆبهری (2017)دا ئهو سوپایه هێرشی كردهوه سهر كهركوك و ناوچه جێناكۆكهكانی تر و هێزی پێشمەرگەو ئیدارەی کورد لەو ناوچانە دوخرانەوە. لە ئەنجامدا کورد زیاتر له سهدا (51)ی خاكی كوردستانی لەدەستدا.
بەپێی دامەزراوەی گڵۆباڵ پاوەر، سوپای عێراق لە ساڵی 2021 پلەی 57ـەمین سوپای جیهانی گرتووە.