بەهۆى هاتنی شەپۆلێکى بەفر و سەرما لە پێنج ویلایەتى ئەمریکا باری نائاسایی راگەیەندرا، لە هەندێک ویلایەت تا ئیستا نزیکەى مەترێک بەفر باریوە، کەشناسى ئەمریکا دەڵێت ١٠ ساڵە سەرماى لەو شێوەیە رووى لە وڵاتەکەیان نەکردوە
ئاژانسەکانی هەواڵ رایانگەیاند، باری لەناکاو لە پێنج ویلایەتی ئەمریکا راگەیەنراوە بەهۆی دابارینی بەفرێکێکی زۆرەوە.
هاوکات، سەنتەری کەشناسی و زەریاناسی نیشتیمانى ئەمریکا رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت بەهێزترین شەپۆلی بەفربارین بێت لە ١٠ ساڵی رابردوودا و پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی مێژوویی داببەزن و پێشبینیش دەکرێت مانگی یەک ببێتە ساردترین مانگ لە ١٠ ساڵی رابردوودا.
ئەوەش خراوەتەروو، لە ویلایەتەکانی کنتاکی، ڤێرجینیا، کانساس، ئەرکانساس، میزوری باری لەناکاوی کەشوهەوا راگەیەنراوە و لە چەند بەشێکى ویلایەتى نیویۆرک نزیکەی یەک مەتر بەفر باریوە و زیاتر لە سێ هەزار گەشتی ئاسمانی لە ناوەوە و دەرەوەی ئەمریکا هەڵوەشێنراوەتەوە و نزیکەی ٤ ملیۆن هاوڵاتی کاریگەری ئەو شەپۆلەیان بەردەکەوێت.