Apora Logo

حەماس گرتەی ڤیدیۆی بارمتەکراوێکی ئیسرائیلی بڵاوکردەوە

حەماس گرتەی ڤیدیۆی بارمتەکراوێکی ئیسرائیلی بڵاوکردەوە

بزووتنەوەی حەماس گرتەی ڤیدیۆی بارمتەکراوێکی ئیسرائیلی تەمەن ١٩ ساڵی بڵاوکردەوە، کە تیایدا باس لەوە دەکات مانەوەی ئەو کچە پەیوەندی بە کشانەوەی سوپای ئیسرائیلەوە هەیە.

4/1/2025

لەو گرتە ڤیدیۆییەی کە حەماس لە کەناڵی تێلێگرامی خۆی بڵاویکردۆتەوە کە کاتەکەی 3 خولەک و 34 چرکەیە، کچەکە بەناوی لیری ئەلباگ دەڵێت: ئێمە ئەولەویەت نین بۆ حکومەتەکەمان و نە بۆ سوپاکەشمان.


ئەلباگ داوای لە حکومەتی ئیسرائیل کرد شەڕەکە ڕابگرێت دەڵێت: من دەپرسم حکومەتی ئیسرائیل ئەگەر ئازیزانت ئەوانە بوونایە کە دیل بوونایە، ئایا دەتەوێت ئێمە بکوژیت؟


ئاماژەی بەوەشکردووە، تەنانەت جیهان دەستیکردووە بە لەبیرکردنمان، مانەوەی ئێمە پەیوەستە بە کشانەوەی سوپا و نەگەیشتنی بە ئێمەوە.


ئەو کچە ئیسرائیلییە جەختی لەوە کردەوە: "ئێوە بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی ناتوانن ئێمە لێرە بە زیندووی دەربهێنن، ئەمە سەرکەوتوو نابێت و دەزانن".


لە تۆمارەکەدا دیمەنێک دەرکەوتوە کە بارمتە ئیسرائیلییەکە دەموچاوی لەسەر دەستەکانی داناوە و دەگری، لەکاتێکدا پەیامێکی ڕاستەوخۆی بۆ ئیسرائیل کاتز وەزیری بەرگری ناردوە و دەڵێت، "تۆ باوکم دەناسیت، سەیری چاوەکانی بکە و پێی بڵێ؛ ئەو و دایکم جارێکی دیكە کچەکەیان لە باوەش ناگرن، هەرچەندە ئازایەتیت بۆ ئەوە نابێت".


ئەلباگ هێرشی کردە سەر بۆردومانی بەردەوامی غەززە، و وتی: شێتانەیە ئەگەر وا بیر بکەینەوە کە ئەم شێوازە دەبێتە هۆی ئەوەی ئێمە ڕۆژانە لەژێر بۆردومانی شێتانەدا دەژین. ”


لە کۆتایی پەیامەکەیدا، لیری ئەلباگ دەڵێت، "ئەگەر شتێکم بەسەردا هات، لەبیرم مەكەن و ناوی منتان لەبیربێت، بۆ ئەوەی لەسەر گۆڕەکەم بنوسرێت؛ هەمو ئەمانە بەهۆی حکومەت و سوپای ئیسرائیلەوە ڕویداوە".


لێری ئەلباگ پشتڕاستی کردەوە کە زیاتر لە ٤٥٠ ڕۆژە لە غەززە دەستبەسەر کراوە.


دوای بڵاوبونەوەی گرتە ڤیدیۆییەكە، خێزانی لیری ئەلباگ لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویانكردەوە، "گرتە ڤیدیۆکە دڵی ئێمەی پارچە پارچە کردوە، ئەمە ئەو کچ و خوشکە نییە کە دەیناسین، ناڕەحەتی دەرونی توندی بە ڕونی پێوە دیارە".


ئەو لە 7ی (تشرینی یەكەم/10)ی 2023ەوە بە بارمتە گیراوە، خێزانەکەی ئاماژەیان بەو واقیعە چەقبەستوە کردوە كە هەیە و دەڵێن، "كچەكەمان تەنها دەیان کیلۆمەتر لێمانەوە دورە، لە کاتێکدا تا ئێستاش ناتوانن هیچی بۆ بكەین و دڵنیابینەوە لە ئازادكردنی".


 خێزانەكەی لیری، داوایان لە بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆك وەزیران و بەرپرسانی دیكەی ئیسرائیل كردوە كە ڕێكاری بەپەلە بگرنەبەر و دەڵێت، "کاتی ئەوە هاتوە بڕیار بدەن، وەک ئەوەی منداڵەکانی خۆتان لەوێ بن، لیری زیندوە و دەبێت بە زیندوی بگەڕێتەوە، ئەوەش تەنها پەیوەستە بە ئێوەوە".

;