محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە وتارێكدا لە مەراسیمی یادی ماتەمینی ئایەتوڵا سەید محەمەد باقر حەكیم رایگەیاند، لەسەرەتای روداوەکانی سوریاوە مەبەستیان بوە عێراق لەلایەنگیری بەرامبەر حیزبێک یان گروپێک دوربخەنەوە و هەڵبژاردنیش بۆ سورییەکان بەجێبهێڵن تا چارەنوسی خۆیان یەکلایی بکەنەوە.
گوتیشی: کەسانێک هەن هەوڵیاندا گۆڕانکاری لە سوریا ببەستنەوە بە گۆڕینی سیستمی سیاسی عێراقەوە کە ئەوەش شتێکە بواری گفتوگۆی تێدا نییە، چونکە نەمانویستوە عێراق ببێتە گۆڕەپانی شەڕ.
ئاماژەی بەوەشكرد، هیچ كەسێك مافی ئەوەی نییە گۆڕانكاریی و چاكسازیی لە هیچ دۆسیەیەكدا بەسەرماندا بسەپێنێت، ئابوری بێت یاخود ئەمنیی، ئەمە لەگەڵ ئەوەدا كە دان دەنێین بە بوونی پێویستیی بە پرۆسەی چاكسازیی لە سەرجەم جومگەكاندا.
ئاشكراشیكرد، زیاتر لە 60%ـی بەرنامەی حکومەتەکەیان لە بواری چاکسازی و ئابوری و کارگێڕی بەئەنجام گەیاندوە و بەردەوامیش دەبن لەسەر ئەنجامدانی چاکسازی لە دامو دەزگا ئەمنییەکان لەرێگەی لیژنەی باڵا-ـەوە.
سودانی داواش لە وڵاتانی جیهان دەکات، چاو بە یاساکانیان بخشێننەوە و دەستدرێژییەکان بۆسەر خەڵکی مەدەنی لە غەززە و لوبنان رابگیرێن.
داوا لە جیهان دەکەین چاو بە یاساکانی خۆیدا بخشێنێتەوە کە چیتر توانای ڕێگریکردن لە دەستدرێژی و نادادپەروەرییان نییە و پەلە بکەن لە یارمەتیدانی خەڵکی سڤیل لە غەززە و لوبنان، کە لە بارودۆخێکی سەختدا ژیان بەسەر دەبەن.