لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ٧٣ فەڵەستینی لە كەرتی غەززە بەهۆی هێرش و بۆردومانەكانی ئیسرائیلەوە كوژراون، نەتەوەیەکگرتوەکانیش ئاشکرای دەكات لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە نزیکەی 7%ـی دانیشتوانی غەززە یان روبەڕوی کوشتن بونەتەوە یاخود بریندار کراون.
وەزارەتی تەندروستی كەرتی غەززە رایگەیاند، بەهۆی بۆردومانی ئیسرائیلەوە لە بەرەبەیانی هەینییەوە تائێستا ٧٣ كەس لە كەرتی غەززە كوژراون.
پێشتریش ئەو وەزارەتە رایگەیاندبوو، رۆژانی پێنجشەممە و هەینی ٧٧ كەس لە غەززە بەهۆی بۆردومانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر نەخۆشخانەیەك كوژران.
ئاماژەی بەوەشكرد، ژمارەیەكی هاووڵاتی لە ژێر داروپەردووی خانوو و باڵەخانە روخاوەكاندا ماونەتەوە و تیمی فریاگوزاری ناتوانێت رزگاریان بكات.
هاوكات ریک پەیپەکۆرن، نوێنەری رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان لە فەلەَستین ئاشکرایکرد کە لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە نزیکەی 7%ـی دانیشتوانی غەززە یان روبەڕوی کوشتن بونەتەوە یاخود بریندار کراون و دەشڵێت: 25%ـی ئەوانەی بریندار بون کە ژمارەیان 105 هەزار کەسە، برینەکەیان ژیانی گۆڕیون و تا کۆتایی ژیانیان پێویستیان بە چارەسەری تەندروستی دەبێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە کە ژمارەی برینداران لەسەرەتای شەڕی حەمماس و ئیسرائیلەوە لە کەرتی غەززە 108583 کەسن، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 12 هەزار کەسیان پێویستیان بە ناردنە دەرەوەیە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست.
ئەو نوێنەرەی نەتەوەیەکگرتوەکان ئەوەشی ئاشکرا کردوە کە ئەگەر بردنەدەرەوەی بریندارەکان بەمشێوەیەی ئێستا بە خاوی بڕوات ئەوا 5 بۆ 10 ساڵی دیکەیان دەوێت تا ئەو نەخۆشانە چارەسەر بکەن کە پێویستیان پێیەتی.
بەپێی دوایین ئامار كۆی ژمارەی كوژراوەكان بۆ ٤٥ هەزار و ٥٦٨ كەس بەرزبوەتەوە لە ماوەی ١٥ مانگی رابردوودا.