ڕاپۆرتێکی تازەى ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی ئاشکرایکردووە، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتی پێشووی حزبوڵڵا، باوەڕی بەوە نەبووە کە ئیسرائیل بتوانێت دەستی پێ بگات و بیکوژێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا ڕوونیکردووەتەوە، ئەوەی نەسروڵڵا لەو ماوەیەدا درکی پێنەکردووە، ئەوە بووە کە دەزگا سیخوڕییەکانی ئیسرائیل بەدرێژایی چەندین ساڵ لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ جموجۆڵەکانی دەکەن.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، تیرۆرکردنی نەسروڵڵا دەرئەنجامی دەیان ساڵ کاری هەواڵگری بووە، کە تیشک دەخاتە سەر قووڵایی ئەو دزەکردنەی کە دەزگا سیخوڕییەکانی ئیسرائیل لە نێو ڕیزەکانی حزبوڵڵا بەدەستیهێناوە.
شەڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان لە ساڵی ٢٠٠٦ شەڕێکی خوێناوی بوو کە بە کشانەوەی ئیسرائیل لە لوبنان دوای ٣٤ ڕۆژ لە شەڕ کۆتایی هات.
شەڕەکە کە ئامانجەکانی ئیسرائیلی بەدی نەهێنا، "سووکایەتی" بوو، کە بووە هۆی پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە و دەستلەکارکێشانەوەی ژەنەڕاڵە باڵاکان و هەڵسەنگاندنێکی ناوخۆیی لە دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل سەبارەت بە کاری هەواڵگری.
بە گوتەی سێ کەسی پێشووی بەرپرسانی ئیسرائیل ئەو ئۆپەراسیۆنانەی لە کاتی جەنگدا ئەنجامدراون، بنەمای ئەو ڕێبازەیان پێکهێنا کە ئیسرائیل دواتر پەیڕەوی لێکرد، بەو پێیەی ئامێری شوێنپێهەڵگرتن لەسەر مووشەکەکانی حزبوڵڵا چێندرا، ئەمەش زانیاری لەسەر ئەو تەقەمەنیانەی کە لەناو بنکە سەربازییە نهێنییەکان و دامەزراوە مەدەنییەکان و ماڵە تایبەتەکاندا شاراوەتەوە بە ئیسرائیل.
بە گوتەی بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئەمەریکا و ئیسرائیل لەکاتێکدا حزبوڵڵا خەریکی فراوانکردنی پێگەکانی خۆی بوو، مۆساد ژمارەیەک بریکاری لەناو ئەو حزبەدا چاند.
مۆساد خەڵکی لە لوبنان دامەزراند بۆ ئەوەی هاوکاری بن لە دروستکردنی دامەزراوەی نهێنی بۆ حزبوڵڵا لە دوای جەنگەوە.
دوو بەرپرس ئاماژەیان بەوەشکردووە، سەرچاوەکان زانیارییان لەسەر شوێنی بنکەکان دەدا بە ئیسرائیل و هاوکارییان دەکرد بۆ چاودێریکردنیان.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی نیویۆرک تایمز، ساتێکی گرنگ لە ساڵی ٢٠١٢دا هەبووە، کە یەکەی هەواڵگریی ئیسرائیلی ٨٢٠٠ زانیاری لەسەر شوێنی سەرکردەکانی حزبولڵا و حەشارگەکانیان و جبەخانەی موشەک و پارتەکەیان دەستکەوتووە.
جگە لە بریکارەکان، ئیسرائیل پلانی داڕشتووە بۆ دزەکردنی زیاتر بۆ ناو پارتەکە، هەروەها یەکەی 8200 و مۆساد پلانێکیان داڕشتووە بۆ دابینکردنی تەقەمەنی بۆ حزبوڵڵا کە لە هەر کاتێکدا دەتوانرێت بتەقێنرێتەوە، بە وتەی 6 بەرپرسی بەرگری ئیسرائیلی ئێستا و پێشوو .
ئەو ئامێرانە لەناو کۆمەڵگەی هەواڵگری ئیسرائیلدا بە "دوگمە" ناسرابوون کە دەتوانرا لە کاتێکی هەڵبژاردنی ئیسرائیلدا چالاک بکرێن.
دیزاین و بەرهەمهێنانی "دوگمەکان" تاڕادەیەک سادە بوو، بەو پێیەی ئەندازیارانی ئیسرائیل تەقەمەنییان لەناو پاتری ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان دانا و دەیانکردە بۆمبی بچووک.
سەختترین پرۆسەیش ئەوە بوو کە مۆساد قەناعەتی بە حزبوڵڵای لوبنان کرد کە ئامێری سەربازی و کەرەستەی پەیوەندییەکان لەو کۆمپانیایانە بکڕێت کە ئیسرائیل ڕووبەڕووی بووەوە.
لە ساڵی ٢٠١٨ەوە، باشتربوونی توانای ئیسرائیل بۆ چوونە ناو مۆبایل، وایکردووە حزبوڵڵا و ئێران و هاوپەیمانەکانیان زیاتر وریا بن لە بەکارهێنانی مۆبایلە زیرەکەکان.
هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا ئەفسەرانی هەواڵگری ئیسرائیل کاریان کرد بۆ دروستکردنی تۆڕێک لە کۆمپانیا خەیاڵییەکان بۆ شاردنەوەی بنەچەی خۆیان و فرۆشتنی بەرهەمەکان بەو حزبە.
مۆساد بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل سەرپەرشتی بەرهەمهێنانی پەیجەرەکانی لە ئیسرائیل دەکرد و لە ڕێگەی نێوەندگیرانەوە بریکارەکانی مۆساد دەستیان کرد بە بەبازاڕکردنی پەیجەرەکان بۆ کڕیارانی حزبۆلڵا و نرخێکی داشکاندنی جوملەیان پێشکەش کرد.
لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا ئیسرائیل زانی کە حزبوڵڵا زۆر نیگەرانە لەو ئامێرە بێ وایەرانە، ئەوانیش بیر لەوە دەکەنەوە هەندێکیان بۆ ئێران بنێرن بۆ پشکنین.
لەگەڵ زیادبوونی نیگەرانییەکان لە ئەگەری ئاشکرابوونی ئۆپەراسیۆنەکە، بەرپرسانی باڵای هەواڵگری توانیان بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕازی بکەن کە فەرمانی تەقاندنەوەی ئامێرەکان بدات، ئەو ئۆپەراسیۆنەیان دەستپێکرد کە بە نەهێشتنی دەیان ئەندامی حزبولڵا و بە کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا کۆتایی هات لە هەڵمەتێکی ئیسرائیل بۆ سەر گەڕەکی باشووری بەیروت.