Apora Logo

بەشار ئەسەد کەوت بەڵام تورکیاش سەرکەوتوو نەبوو!

بەشار ئەسەد کەوت بەڵام تورکیاش سەرکەوتوو نەبوو!
مەیسەم مورادیمەیسەم مورادی

مەیسەم مورادی

9/12/2024

لە ڕۆژی جووڵاندنی هێزەکانی سوپای ئازادی سووریا و تەحریرئەلشام، ئامانجی تورکیا ئەوە بوو کە ئەو هێزانە بچنە دیمەشق و بەشار ئەسەد بڕووخێنن و بەمجۆرە تورکیا ببێت بە یاریکەری سەرەکی لە گۆڕەپانی سووریا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. بەڵام ئەو پلانەی تورکیا سەری نەگرت بەهۆی دوو بابەت کە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ڕوویاندا.

سەرەتا و پێش ئەوەی کە بپەرژێمە سەر بابەتە سەرەکییەکە، دەمەوێت باس لەوە بکەم کە ئامانجی تورکیا چ بوو لە جووڵاندنی ئەو هێزانە لە سووریا. تورکیا گەیشتبوو بەو ڕاستییەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانەوێت لە ڕێگەی کوردـەوە بۆشایی بخەنە نێوان هێزەکانی ئێران لە عێراق لەگەڵ سووریا و لوبنان، ئەم بابەتە ترسی خستبووە دڵی دەسەڵاتدارانی تورکیا لەو ڕوانگەیەوە کە ئەگەر ئەو پلانە بە هاوکاری کورد سەربگرێت، چیتر تورکیا ناتوانێت وەک جاران بەرنگاری کورد بێتەوە، بۆیە ناچار بوو کە خۆی پێشدەستی بکات و نەهێڵێت کە ئەو پلانەی ئەمریکا و ئیسرائیل سەر بگرێت. جووڵاندنی سوپای ئازادی سووریا و تەحریرئەلشام، بە دوو مەبەست بوو:

یەکەم، سووپای ئازادی سووریا لە سنووری مەنبەج جێگیر بکرێن و ئامادەی ئەوە بن کە لە کاتی پێشڕەویەکانی تەحریرئەلشام بۆ دیمەشق، هاوکات هێرش بکەنە سەر مەنبەج و تا نزیک ڕەقە بێن و ڕێگە نەدەن کە کورد لە دێرەزوور، مەیادین و ئەلبوکەمال پێشڕەوی بکەن. واتە سوپای ئازادی سووریا ببن بە جێگرەوەی کورد لە پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان ئەلبوکەمال، مەیادین و دێرەزوور.

دووەم: تەحریرئەلشام ئەمری پێ کرابوو کە دیمەشق بگرێت، واتە بە گرتنی دیمەشق، تەحریرئەلشام ببێت بە هێزی سەرەکی لە سووریا و ئەوکات خۆی لە سنوورەکانی ئوردن و ئیسرائیل جێگیر بکرێت.

ئەمە دوو ئامانجی سەرەکی تورکیا بوو لە جووڵاندنی ئەو هێزانە لە سووریا. بە سەرگرتنی ئەو پلانە، تورکیا دەبووە داڕێژەری سیاسەت لە داهاتووی سووریا، واتە تورکیا بۆ مەبەستی ئەوەی کە کورد نەبێت بە بەشێک لە یاری ئەمریکا و ئیسرائیل لە سووریا، لە ڕێگەی پرۆکسییەکانی خۆیەوە قومارێکی دەست پێ کرد. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا تورکیا سەرکەوتوو بوو؟

دوای ئەوەی کە تەحریرئەلشام شاری “حەما”یان گرت، بەشار ئەسەد ناچار بوو هێزەکانی خۆی لە ئەلبوکەمال، مەیادین و دێرەزوور بکشێنێتەوە بۆ پارێزگاری کردن لە حمس، واتە بەشار ئەسەد پێی وابوو کە ئەگەر حمس بکەوێت، دیمەشق لەدەستی دەچێت. لە کاتی کشانەوەی ئەو هێزانەدا لە دێرەزوور، هێزە کوردییەکان بە سەرپەرشتیاری ئەمریکا، پێشڕەویان کرد و لە ئەلبوکەمال تا دێرەزوور کەوتە ژێر دەسەڵاتی کورد. بە بۆچوونی من، گرتنی ناوچەی دێرەزوور پەیوەندی بە مانەوەی کورد لە حەلەب بوو، واتە بە مانەوەی کورد لە حەلەب بە مەبەستی “پارێزگاری کردن لە خەڵکی سڤیل لەو ناوچەیە”. ئەمریکا هاتە ناو هاوکێشەکە و لە سەر بنەمی بەرژەوەندی ئەمریکا، جووڵەی کرد و کوردـیش بوو بە بەشێک لەو جووڵەی ئەمریکا، کە لە دێرەزوور، بووە دەستکەوت بۆ کورد. لەم ئاراستەیەدا دەتوانرێت بگوترێت کە جووڵەی کورد بۆ حەلەب و مانەوەی لەوێ، هاوکێشەکەی لە دێرەزوور بە قازانجی کورد گۆڕی. ئەم بابەتە هاوکات بوو لەگەڵ ئەوەدا کە تەحریرئەلشام لە پێشڕەوی خۆیدا بەرەو حمس، تووشی سستی بوو، بۆیە تورکیا نەیتوانی لە مەنبەج و دواتر بەرەو ڕەقە پێشڕەوی بکات.

چوونی کورد بۆ حەلەب و هاوکات پێشڕەوی لە پارێزگای دێرەزوور، یەکەم بابەت بوو کە تورکیا بیری لێ نەکردبووە و لە چوارچێوەی خوێندنەوەی تورکیا نەبوو، یان لانیکەم چاوەڕوانی ئەوەی نەبوو کە بەو خێراییە دێرەزوور بکەوێتە دەست کورد.

بابەتێکی دیکە بە باوەڕی من تورکیا چاوەروانی ڕوودانی نەبوو، پێشڕەوی خێڵ و هۆزەکانی ناوچەی درعا و سوەیدا و تەنەف بوو لە باشووری سووریا. هێزەکانی ناوچەی باشووری سووریا، لە ژێر ناوی ژووری ئۆپەراسیۆنی باشوور، خۆیان ڕێکخستبوو. ئەم هێزانە جیاوازن لە سوپای ئازادی سووریا و تەحریرئەلشام کە لە لایەن تورکیا پاڵپشتی دەکرێن. ژووری ئۆپەراسیۆنی باشوور لە یەکەم پەیامی خۆیان کە بڵاویان کردەوە، هێڵی خۆیان لەگەڵ تەحریرئەلشام و سوپای ئازادی سووریا جیاکردەوە و لەو پەیامەدا باسیان لەوە کرد کە ”ئەوان دژی تیرۆریزمن”، واتە جیاوازیان خستە نێوان خۆیان و گرووپەکانی سەر بە تورکیا لە سووریا. ژووری ئۆپەراسیۆنی باشوور کە پێکهاتوون لە خەڵکی درووزی باشووری سووریا، لە لایەن ئوردن و ئەمریکا و ئیسرائیل‌ـەوە پاڵپشتی کران بۆ ئەوەی لە سەر سنووری ئوردن و ئیسرائیل جێگیر بکرێن و ببنە جێگرەوەی تەحریرئەلشام و سوپای ئازادی سووریا. واتە مەترسی بۆ ئاسایشی ئیسرائیل دروست نەبێت. بەڵام جووڵەی هێزەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی باشوور، لە کاتێکدا ڕوویدا کە تەحریرئەلشام لە حمس لە لایەن سوپای بەشار ئەسەدـەوە پێشیان پێگیرابوو.

ئەوەی کە دەکرێت باسی بکرێ، ئەمریکا و ئیسرائیل چاودێری دۆخەکەیان کرد تا ئەوکاتەی کە بەشار ئەسەد هێزەکانی ڕەوانەی حمس کرد بۆ ئەوەی لەوێ پێش بە تەحریرئەلشام بگرێت و لە دروستبوونی بۆشایی هێز لە باشووری سووریا، ژووری ئۆپەراسیۆنی باشوور جووڵەی پێکرا بەرەو ئاراستەی دیمەشق. پێشڕەویە خێراکانی ئەم هێزە بەرەو دیمەشق، ئەو بابەتەی ڕوون کردەوە کە ئیسرائیل و ئەمریکا، ڕێگەیان بە تورکیا دا کە هێزەکانی تەحریرئەلشام و سوپای ئازادی سووریا بجووڵێنێت تا ئەوکاتەی کە بەشار ئەسەد بەتەواوی لاواز دەبێت و دواجار ئەمریکا و ئیسرائیل لە ڕێگەی هێزەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی باشوور، دیمەشق بگرن و بەمجۆرە ڕێگە نەدەن دیمەشق، بەرزاییەکانی جۆلان و سنووری ئوردن بکەوێتە دەست هێزەکانی نزیک لە تورکیا. بە واتایەکی دیکە دەتوانرێت بگوترێت کە ئەمریکا و ئیسرائیل بە تورکیا بەشار ئەسەد-یان بەتەواوی لاواز کرد، بەڵام ئەوە خۆیان بوون کە دواجار ئاراستەی سەرەکی بەریەککەوتنەکانیان کرد و بەشار ئەسەدیان ڕووخاند. لێرەدا بوو کە تورکیا زانی نەیتوانیوە لەو پلانەی خۆیدا سەرکەوتوو بێت و ئەمریکا و ئیسرائیل لە ڕێگەی کورد و ژووری ئۆپەراسیۆنی باشوور، تورکیایان خستە دەرەوەی هاوکێشە سەرەکییەکانی سووریاـوە.

کۆبەند

ئەمریکا یارمەتی کوردی دا کە دێرەزوور، مەیادین و ئەلبوکەمال بگرێت، واتە کورد ڕێڕەوی نێوان عێراق و سووریای گرت، بەمجۆرە یەکەم شادەماری ئێران بڕیا، بەمەش ئێران چیتر ناتوانێت لە ڕێگای ئەلبوکەمال هێز ڕەوانەی سووریا و لوبنان بکات.

هەروەها ئەمریکا و ئیسرائیل یارمەتی خێڵ و عەشیرەتەکانی دەرعا، سوەیدا و تەنەفیان دا بۆ ئەوەی ناوچەکانی خۆیان ئازاد بکەن، بەمشێوە سنوورەکانی ئیسرائیل و ئوردن پارێزراو بوون و هاوکات جووڵە بەم هێزانە کرا بۆ گرتنی دیمەشق. گرتنی دیمەشق لە لایەن هێزەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی باشوور، ئەگەری ئەوەی زۆرە کە ئەمریکا و ئیسرائیل ڕێککەوتنێک لە نێوان کورد و هێزەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی باشوور ڕێک بخەن و بەمجۆرە دەستی ئێران لە سووریا و لوبنان کورت دەکرێتەوە و هاوکات تورکیا سەرکەوتوو نابێت لە پلانەکەی خۆیدا لە سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان.

بە باوەڕی من، هۆکاری سەرەکی ئەوەی کە تورکیا لە قەتەر، ڕازی بوو کە دانیشتن لە نێوان تەحریرئەلشام، سوپای ئازادی سووریا و بەشار ئەسەد ڕووبدات، ئەوە بوو کە زانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەشێوازێکی دیکە و لە دەرەوەی خوێندنەوەی تورکیا لە سووریا جووڵانەوە و ئەمە لە زیانی تورکیا بوو. بەڵام ڕاستیەکە ئەوەیە کە ئەوە دواجار ئەمریکا و ئیسرائیل بوون کە لەسەر داهاتووی سووریا بڕیاریان دا، نە تورکیا، نە ئێران.

;