حکومەتی تورکیا قەیوومی لە جێگەی ئایڤاز هازر، هاوسەرۆکی شارەوانی شارۆچکەی میکسی سەربە پارتی دەم لە باکووری کوردستان دانا و ژمارەی قەیوومەکان لە دوای هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی مانگی ئادار دانراون، گەیشتە هەشت قەیووم.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بڵاویکردەوە، بەگوێرەی دەستوور و یاسای شارەوانییەکان، بەشێوەیەکی کاتی ئایڤاز هازر لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە و ئەوەش بەهۆی ئەوەی دادگای چوارەمی سزا قورسەکانی وان بە زیاتر لە سێ ساڵ زیندانییکردن سزای بەسەردا سەپاندووە، بە تۆمەتى ئەنجامدانی تاوان لەپێناو پەکەکەدا بە بێ ئەوەی ئەندامی پارتەکە بێت. هەروەها بەهۆی ئەوەی دۆسییەیەکی لە دادگای دووەمی سزا قورسەکانی وان بە تۆمەتی پڕوپاگەندەکردن بۆ پەکەکە هەیە و لە ئێستا دادگاییکردنی بەردەوامە.
ئایڤاز هازر، لە هەڵبژاردنەکانی 31ـی ئازاری 2024دا لەسەر لیستی پارتی دەم بە سەرۆکی شارەوانیی هەڵبژێردرا، لەسەر دۆسییەیەک کە بۆ ساڵی 2015 دەگەڕێتەوە و بەهۆی ئەوەی لە چالاکییەکدا کاری وێنەگرتنی ئەنجامداوە، رۆژی 28ـی تشرینی دووەم سزادرا. هازر هەشتەم سەرۆکی شارەوانییە کە دوای هەڵبژاردنەکان قەیووم لەجێگەی دادەنرێت. هەر هەشت سەرۆکە لادراوەکە کوردن و شەشیان سەربە پارتی دەم و دووانیان سەربە جەهەپەن.