تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق ڕۆژی پێنجشەممە لە گەشتی دەرەوەی وڵات گەڕایەوە، بەرپرسانی هەرێمی كوردستان دەیانوت هەر لەگەڵ گەڕانەوەی واژۆی ناردنی مووچە بۆ هەرێم دەكات، بەڵام ئەوە پێنج ڕۆژە گەڕاوەتەوە و واژۆی ناردنی مووچەی نەكردووە.
بەپێی زانیارییەكانی هۆكاری سەرەكی واژۆنەكردنی ناردنی مووچە لەلایەن تەیف سامی وەزیری دارایی عێراقەوە، ئەو تێبینیانەیە كە لەبارەی لیستی مووچە هەن لەگەڵ نەناردنی داهاتی ناوخۆی هەرێم بۆ بەغداد.
هەر بەپێی زانیارییەكان، بڕیارە ئەم هەفتەیە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و وەزیری دارایی عێراق لەسەر پرسی موچەی هەرێم و بەبانكیكردنی موچە و هەمواری بودجە كۆببنەوە.
نەناردنی پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەكاتێكدایە، كەمتر لە هەفتەیەكی ماوە بۆ مانگی 12 و تائێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ وادەیەكی بۆ دابەشكردنی موچەی مانگی 10 رانەگەیاندووە و لە 14 مانگی رابردووشدا تەنها نۆ موچەی بە پارەی بەغدا دابەشكردووە.
نەناردنی داهاتی ناوخۆ بۆ بەغداد لەكاتێكدایە، بەغداد پێی وایە ئەو داهاتە زیاترە لە 320 ملیار دینار و پێویستە هەرێم نیوەی ڕادەست بكات، لەگەڵ ڕادەست نەكردنی ئەو داهاتەش نەوتی هەرێم بە قاچاغ دەفرۆشرێت و داهاتەكەشی ناچێتەوە خەزێنەی حكومەتی هەرێم.
هەرێمی كوردستان زیاتر لە ملیۆنێك و 250 هەزار مووچەخۆری هەیە، بۆ دابەشكردنی مووچە هەموو مانگێك پێویستی بە 998 ملیار دینارە