دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی هەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "نۆ هەزار یەكەی نیشتەجێبوون هەیە و بەشێکیان تەواوبوون و بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشدەكرێت، و بڕیاردراوە سەرجەم ئەو نۆ هەزار یەکەیە بە تەواوکراوو و تەواونەکراوەوە بەسەر کەمدەرامەتاندا دابەشبکرێت".
ئاماژەی بەوەشدا "ئەو یەکانەی تەواویش نەبوون هەر بەسەر کەمدەرامەتاندا دابەشدەکرێت، بۆیەوەی دڵنیابێت کە حکومەت لە ئایندەشدا ئەو یەکانە تەواودەکات و دەبنە خاوەنی یەکەی نیشتەجێبوون".
وەزیری ئاوەدانکردنەوە ڕاشیگەیاند، "بەپێی ئەو سیستمەی لە وەزارەت هەیە بۆ دابەشکردنی ئەو یەکانە بەپیی ناو دەبێت، و ناوەكان نێردراون بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان تاوەكو وردبینی بكرێت و لیژنەیان لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان بۆ پێكدەهێندرێت ئەگەر گرفتیان نەبوو و زانیارییەكانیان دروستبوو بە نووسراوێك وەزارەت ئاگاداردەكرێتەوە و گرێبەستیان بۆ دەكرێت یەكەكانیان پێدەدرێت".