سبەینێ یەکشەممە، سێیەمین سیمپۆزیومی نێودەوڵەتی بە ناونیشانی، گەڕان بەدوای داهاتووی چارەسەری شێرپەنجە لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
سیمپۆزیومەکە بە هاوبەشی لە نێوان زانکۆی چەرموو، زانکۆی کەرخ، پەیمانگەی بڕایت، سەنتەری نێودەوڵەتی ئای سی تی پی بۆ فیزیای تیۆری و دامەزراوەی واریزی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەری شێرپەنجە بەڕێوەدەچێت.
ئامانجی سیمپۆزیومەکە خستنەڕووی رێگاکانی چارەسەرکردنی نەخۆشی شێرپەنجە و پەرەسەندنەکانی تەکنەلۆژیای ئەو بوارەیە بۆ دۆزینەوەی رێگە و چارەسەری نوێی پەیوەست بە نەخۆشی شێرپەنجە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی ئاماژەی بەوەکردووە، سمپۆزیۆمەکە بە بەشداری دیارترین لە شارەزایان و ژمارەکی بەرچاو لە پسپۆڕان و توێژەرانی ئیتاڵی، عێراقی، کورد بەڕێوەدەچێت و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، سیمپۆزیومەکە رۆژی یەکەم لە هۆتێل رامادا لە شاری سلێمانی دەستپێدەکات و رۆژانی دووەم و سێیەم لە پەیمانگەی تەکنیکی و پیشەیی بڕایت درێژەی دەبێت و پسپۆڕان و توێژەرانی بیانی و ناوخۆیی زنجیرەیەک سیمناری گرنگ پێشکەش دەکەن.