Apora Logo

پشوی فەرمانبەران درێژکرایەوە

پشوی فەرمانبەران درێژکرایەوە

ئاپۆڕانیوز

20/11/2024

پشوی ئەو فەرمانبەرانە درێژکرایەوە کە بەمەبەستی بەشداریکردن لە پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوان گەڕاونەتەوە ناوچە کوردستانییەکان.


هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رایگەیاند، ژووری عەمەلیاتی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان پشووی سەرژمێری بۆ ئەو فەرمانبەر و ئەفسەر و کارمەندانە درێژکردەوە کە خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان (سنوری ماددەی 140ن) و بۆ بەشداریکردن لە سەرژمێری گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان.


دەشڵێت: پشوی ئەو فەرمانبەر و ئەفسەر و کارمەندانەی خەڵکی ناوچەکانی سنوری ماددەی 140ن بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکە گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان، تاوەکو 10ـی کانونی یەکەم درێژدەکرێتەوە بۆ ئەوەی فۆرمی دوەم لە دوای قەدەغەی هاتوچۆ پڕبکەنەوە.


هێمن میرانی دەشڵێت: لەدوای تەواوکردنی فۆرمی یەکەم کە لە رۆژانی 20و 21ی مانگ پشتراست دەکرێنەوە، قۆناغێکی دیکە دەست پێدەکات کە پرسیار و زانیاری زیاتری تێدایە و پێویستە لەو کاتەی بژمێرەکان سەردانی خێزانەکان دەکەنەوە لایەنی کەم یەکێک لە ئەندامانی خێزان لەو شوێنانە بمێننەوە و هەموو بەڵگەنامەکانی ئەندامانی خێزانەکەیانی لابێت و فۆرمی دووەم بە دروستی پڕبکەنەوە، بۆیە رێگە بەو کەسانەش دەدرێت لە ناوچەکانیان بمێننەوە.


حکومەتی هەرێمی کوردستان، پشووی ئەو کەسانە بە کراوەیی دەهێڵێتەوە و دەرفەتییان دەدرێتێ تا ئەو کاتەی بژمێرەکان دووبارە سەردانیان دەکەنەوە تاوەکو هەمو پرۆسەی سەرژمێری تەواودەبێت.

;