وەزارەتی بەرگری عێراق ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ، عەبدولئەمیر رەشد یارەڵا سەرۆك ئەركانی سوپا، بە یاوەری فەرماندەی هێزی پیادەو یاریدەدەری بەڕێوەبەری هەواڵگری سەربازی، بۆ كاری نۆڕین لە پشتێنەی سنووری قائیمەوە بۆ شنگال، سەردانی بارەگای پرۆسەكانی فیرقەی حەوتی پیادەی كردووە لە قائیم لە خۆرئاوای عێراق.
ئەمە لە کاتێکدایە شەوی رابردوو، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەمیانەی سەرۆكایەتیكردنی كۆبونەوەیەكی بەپەلەی ئەنجومەنی وەزارەی ئاسایشی نیشتمانی، لەدوای هەڕەشەکانی ئیسرائیل لە عیراق، فەرمانیكرد بە سەرجەم دەزگا ئەمنیەكان بە رێگەگرتن و راوەدونانی هەر چالاكییەكی سەربازی لە دەرەوەی چوارچێوەی كۆنتڕۆڵی دەوڵەت.
لە چوارچێوەی راسپاردەكانی سودانیدا، توندووتۆڵكردنی سنوورەكانی خۆرئاوای عێراقە، لەڕێی چڕكردنەوەی چالاكییەكان و بڵاوبونەوەی خێراو، دانانی پلانی پێویست و كاركردن بۆ زامنكردنی قوڵایی ئەمنی.