لە بڕیارێکیدا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە کەلە ٪١ی مووچەی سەرجەم فەرمانبەر و خانەنشینان دەبڕدرێت و وەکو هاوكاریی دەدرێت بە هاوڵاتییانی غەززە و لوبنان.
ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەی ئاسایی و هەفتانەی خۆی ئەنجام دا.
لە كۆبونەوەكەدا چەند بڕیار و رێنماییەك دەركران، یەكێك لە بڕیارەكان بڕینی ٪١ی مووچەی سەرجەم فەرمانبەر و خانەنشینانی دەوڵەت بوو بەمەبەستی پێشكەشكردنی هاوكاری بۆ هاوڵاتییانی غەززە و لوبنان.
هەر لەوبارەیەوە نوسینگەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایدەکات، بڕیارەكە ئارەزوومەندانەیە و فەرمانبەر خۆی بڕیار لەسەر دان و نەدانی دەدات، بۆ مانگی داهاتووش دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
هاوکات هاوكارییەكان بەچاودێری راستەوخۆی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە رێگەی هەژمارێكی بانكی بەشێوەی یەكسان وەك كۆمەك و هاوكاری پێشكەش بە هاوڵاتییان لە غەززە و لوبنان دەكرێت.