Apora Logo

وەزارەتی دارایی نووسراوێک ئاڕاستەی وەزارەت و فەرمانگەکان دەکات

وەزارەتی دارایی نووسراوێک ئاڕاستەی وەزارەت و فەرمانگەکان دەکات

ئاپۆرانیوز

19/11/2024

بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت، وەزارەتی دارایی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكانی لەبارەی چۆنیەتیی ناردنی لیستی مووچەی مانگی 11 ئاگادار كردووەتەوە.


لە نووسراوەکەدا هاتووە، "دەبێت لە لیستی مووچەدا گشت فەرمانبەران ناویان لە لیستدا هەبێت و بە میلاك هەژمار بكرێت، مووچەخۆران و ئەوانەیشی مۆڵەتی بێمووچەیان هەیە، دەبێت بنووسرێن، هەروەها ئەو فەرمانبەرانەی بەهۆی ئەوەی مۆڵەتیان هەیە و لە دەرەوەی وڵاتن و بایۆمەترییان نییە، دەبێت دیاری بکرێن"


ئەوەش هاتووە، "دەبێت گشت فەرمانبەران کۆدی (UPN)یان هەبێت و 13 ژمارە بێت و نابێت لە لیستی مووچەدا دووبارە بێتەوە"، جەختیش كراوەتەوە، "نابێت ناوی دووبارە لە لیستی مووچەدا هەبێت، ئەگەر لە لیستی مووچەدا ناوی دووبارە هەبوو، بەڵام یەك كەس نەبوون و دوو كەسی جیا بوون، پێویستە ناوی دایكیان بنووسرێت".


وەک لە نووسراوەکەدا هاتووە، لیستی جیاوازی مووچەی فەرمانبەران، لەگەڵ لیستی مووچە بە سیدییەکی جیاواز و بە کاغەز بۆ دارایی بنێردرێت، ئەو ژمێریارییانەی سیستەمی ناوەندی مووچە بەکار دەهێنن، تەنیا لە ڕێگەی ئەو سیستەمەوە لیستی مووچەیان لێ وەردەگیرێت.


ئەمەش لەکاتێکدایە، لیستی مووچەی مانگی 10ی ئەمساڵ ماوەی زیاتر لە 15 رۆژ دەبێت رەوانەی بەغدا کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەغدا هیچ بڕە پارەیەکی بۆ مووچەی مانگی 10ی فەرمانبەرانی هەرێم نەناردووە.

;