لە گشتاندنێکدا کە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێم کراوە، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم داوا دەکات، لە رۆژانی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی سەرژمێری دانیشتووان، رەچاوی دەوامی مامۆستایان بکرێت بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بە سەرکەوتوویی ئەنجام بدرێت.
ئاماژەی بەوەش کردووە، لەو رۆژانەدا بە تەواوی هاوکاری مامۆستایان بکرێت و رەچاوی هۆکاری نائامادەبوونیان بکرێت لە کاتی سەردانی لیژنەی هەڵسەنگاندنی دەرەکی بۆ قوتابخانەکان و هەڵسەنگاندنەکان دوابخرێن تا کاتی گەڕانەوەیان بۆ دەوام.
وەزارەتی پەروەردەی هەرێم داواش دەکات، رۆژانی نائامادەبوونی ئەو مامۆستایانەی کە لە کاری گەمارۆسازی و ژمارەدانانی سەرژمێری لە ماوەی رابردوودا بەشداریان کردووە، بە مۆڵەت هەژمار نەکرێت.
ئەم گشتاندنە دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی پلاندانان لە نووسراوێکی فەرمیدا داوای لە وەزارەتی پەروەردە کردووە، لە رۆژانی بەڕێوەچوونی سەرژمێریدا هاوکاری مامۆستایان بکرێت.
پرۆسەی سەرژمێریی گشتی هەرچەندە بە شێوە گشتی و فەرمییەكەی لە 20 و 21ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، بەڵام تیمەكانی سەرژمێری و بژمێرەكان دەستبەكاربوونە و لە هەندێك شار و ناوچە خەریكی تۆماركردنی داتاكانن و رۆژانی سەرژمێرییش جارێكیش دیكەش پشتڕاستی داتا و زانیارییەكانیان دەكەنەوە.
وێنەیەکی گشتاندنەکەی وەزارەتی پەروەردە لە خوارەوە: