پاش چەند مانگێك لە مانگرتن و رێپێوانی لاوان ، شێخە حوسنیە وەجیدی سەرۆك وەزیرانی بەنگلادش ، بەیانی ئەمڕۆ 05.08.2024 بەرەو تاراوگە هەڵات .
شێخە حوسنیەی سەرۆك وەزیرانی پێشوو ، یەكێك بوو لە كیژەكانی موجیب رەحمان دامەزرێنەری دەوڵەتی بەنگلادش ساڵی ( 1971) موجیب رەحمان ( 1920 -1975) سەرۆكی حزبی عەوامی ، باوكی سەربەخۆیی ، سەرۆك كۆمار ، پاڵەوانی زیندانەكانی پاكستان و خاوەن ناوبانگێكی جیهانی گەورە ، رۆژی 15.08.1975 خۆی و 34 كەس لە بنەماڵەكەی ، بە دەستی كودەتاچیەكان كوژران .
كیژەكەی موجیب رەحمان سۆزی خەڵكی بەنگلادشی بۆ لای خۆی راكێشا و ساڵی 2009 شێخە حوسنیە وەجید ، هەڵبژاردنی بردەوە و ماوەی 15 ساڵ سەرۆك وەزیران بوو . ئەم بەیانییە جەماوەری ( دەكا )ی پایتەخت ، كۆتایی بە دەسەڵاتی ئەم ژنە گەندەڵ و خوێنڕێژە هێنا .
من دەمەوێت بە راشكاوانە ئەوە بڵێم : باوك چەند ئازا ، قارەمان ، پاڵەوان ، فریادڕەس و خاوەن كاریزما بووبێت ، مەرج نییە كوڕ و كچەكانی كۆپی باوكیان بن . ئیتر تا دنیا دنیایە ، خەڵك وەكو كۆیلە ، ملكەچی ئەوان بێت و نووزەی لێوە نەیەت ! شێخە حوسنیەی موجیب رەحمان بە هەڵە لە هاوكێشە سیاسیەكان و لە خۆی تێگەیشتبوو !
لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا ، كچ و كوڕی سەركردە سیاسیەكان ، رێزی خۆیان دەگرن ، تێكەڵاوی كاری سیاسی نابن : من باسی ڤیلی برانت و فرانس یوزیف شتراوس و جیمی كارتەر ناكەم . باسی جەمال عەبدولناسر و سادات و بنێلا و نوری سەعید دەكەم . كچ و كوڕەكانیان چی دەكەن ؟
ئەوەی ئێمە لەم كوردستاندا دەیبینن ، خراپترین شێوەی دواكەوتن و نەزانیە . كوڕ هەر لەبەر ئەوەی كوڕی فڵانە سەركردەیە ،هیچیشی لەبار نییە ، بە سەپاند دەسەپێنرێت . باوك یان دایك دەزانن كوڕەكان یان كچەكان بەكەڵكی شێلمفرۆشتنیش نایەن ، كەچی بە رۆژی رووناك دەسەڵاتیان رادەست دەكرێت و چارەنووسی وڵاتیش بە قوڕیڕەش و گەرووی ئاشا چێت !