گەرچی زمانی کوردی بە چەندان هۆکار هێشتا نەیتوانیوە وەک پێویست لە هەموو دامودەزگاکانی سەر بە هەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان، دادوەری و جێبەجێکردن و لە سەرانسەری سنووری کارگێڕیی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بە تەواویی بچەسپێت. بەڵام هەبوونی زمانی فەرمی لە هەرێمی کوردستان و ناساندنی لە دەستووری عیراقدا، دەسکەوتێکی مێژوویی گرنگە، مخابن لە سەردەمی ئێستادا ڕەوشێکی نالەبار هاتۆتە پێش لە هەموو کاتێک زیاتر زمانی کوردی لەبەردەم هەرەشەی لەناوچووندایە، هەڵبەتە چەندان هۆکاری دەرەکی و ناوەخۆش هەن کە هەڕەشە لە توانەوەی زمانەکەمان دەکەن، بۆ هۆکارە دەرەکییەکان پێویست بەوە ناکات دووبارە بگەڕێینەوە سەر هەوڵی وڵاتانی نەتەوەی سەردەست لە توانەوە و ئاسمیلاسیۆنی زمانەکەمان، چونکە پێشتر لە چەندان وتار و سیمیناردا ئاماژەمان پێی کردووە، بەڵام بۆ هۆکارە ناوخۆییەکان کە خەریکە دیاردەکان دەبنە کێشەیەکی چارەسەر نەبوو بە دەستی هەندێک لە سیاسەتمەدار و ڕووناکبیرانی کورد خۆیانەوە کە مخابن برینەکان قوڵتر دەکەنەوە. کە زۆرجار بانگەشەی ئەوە دەکەن، چونکە زمانی کوردی نەبۆتە زمانی پێوەر و هاوبەشی گشت پێکهاتەکانی گەلی کوردستان، لە بەشەکانی کوردستاندا، کە بە ڕای من ئەمە دیاردەیەکی سرووشتی هەموو زمانێکی زیندووە. تەنانەت نەتەوەی سەرفراز و خاوەن قەوارەی سیاسی و دەوڵەتی سەربەخۆش هەن، بەڵام زمانی هاوبەش و ستانداردی خۆیان نییە، زمانێکی بیانیان کردۆتە زمانی هاوبەش و فەرمی خۆیان، هەروەک گەلانی ئەمریکای لاتین و ئەفریکا، دیارە پرسەکە بۆ کورد جیاوازە، چونکە پرسی زمان کە ڕهەندێکی سیاسی نەتەوەیی هەیە بۆ ئێمە وەک پرسی چارەنووسسازی نیشتمان وایە و بەیەکەوە گڕێدراون، دواجار هەڵگری هەمان شوناسی نەتەوەیی ئێمەن.
لە دەستووری عیراقدا بە فەرمی زمانی کوردی ددانی پێدانراوە، بەڵام لە ڕووی پراکتیکییەوە هێشتا زمانەکەمان بە پلان و ئەجیندای تایبەت ڕووبەڕووی توانەوەو جینۆسایدی کەلتووری دەبێتەوە، بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکانی وەک دەشتی نەینەوا و کەرکوک و خانەقیندا، ئەوە ئیتر دەبێت بە هیچ جۆرێک باسی ناوچەکانی کوردە فەیلینشینەکانی ناوەڕاست و باشووری عیراقیش نەکەین. کە بەتەواوی زمان و چاندی کوردی ڕووبەڕووی توانەوە هاتووە.
دوای دوانزە ساڵ لە دەسەڵاتی خۆماڵی زمانی کوردی لە پەرلەمانی کوردستاندا لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ بە زمانی فەرمی لە هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەردرا، هاوکات لە دەستووری عیراق لە ساڵی ٢٠٠٦ و لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیشدا لە شوباتی ٢٠١٤ لە پاڵ زمانی عەرەبی زمانی کوردی لەسەر ئاستی عیراقدا بە فەرمی ناسێنراوە، ئەمە وایکرد لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا دوای زمانەکانی عەرەبی و فارسی و تورکی و عیبری زمانی کوردی پلەی پێنجەمی وەرگرتووە.
یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ قۆناغی ڕاگوزاری ساڵی ٢٠٠٤ و پاشان دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ بۆ یەکەمجار دانیان ناوە بە فەرمی بوونی زمانی کوردی لە سەرانسەری عێراقدا، بە پێچەوانەی دەستوورەکانی پێشوو کە بێدەنگ بوون و لەم بارەیەوە یاخود بە شێوەیەکی سنووردار و لە بوارێکی بەرتەسک (وەک خوێندن) و تەنیا لە چوارچێوەی ناوچەی کوردستاندا دانیان بە زمانی کوردیدا نابوو.
لەبەر ڕۆشنایی مادەی (٤)ی دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ یاسای زمانە فەرمییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا دەرچووە، بەڵام هەتا ئێستا ناوەڕۆکی ئەم یاسایە وەک پێویست پراکتیزە نەبووە.
زمانی کوردی لە چوارچێوەی کۆماری عێراق و هەرێمی کوردستان پاڵپشتی دەستووریی و یاسایی هەیە وەک زمانی فەرمی دانپێدانراو و، لە ڕووی ڕواڵەتییەوە هیچ گرفتێکی یاسایی بەدی ناکرێت، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان سستی و کەمتەرخەمی دەنوێنن لە پراکتیزەکردنی ناوەڕۆکی یاساکان.
زمان وەک بەشێک لە شوناسی هەر نەتەوەیەک گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە و بەشێکە لە کەلەپووری کەلتووریی ناماددیی، کە ڕێککەوتننامە و ڕاگەیەندراوە نێودەوڵەتییەکان جەخت لەسەر پاراستنی دەکەنەوە.
لە یاسای زمانە فەرمییەکان، هیچ میکانیزمێکی تۆکمە و شیاو دانەنراوە بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەم یاسایە و بەدواداچوون و چاودێریی کردنی جێبەجێکردنی یاساکە.
کەچی لە هەرێمی کوردستاندا لە ڕۆژی 8-3-2017 بەسەرپەرشتی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پێشووتر بەڕێز (یوسف گۆران) و بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزارەت، كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتەكە لە زانكۆی دهۆك لەسەر ڕەوشی زمانی کوردی بەڕێوەچوو، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا ئەژماركردنی نمرەی وانەكانی زمانی كوردی بۆ دەرچووانی پۆلی دوانزە لە كاتی پێشكەشكردن بۆ كۆلێژە زانستییەكان (پزیشكی و ئەندازیاری) ئارەزومەندانە بێت." ئەم بڕیارە چ لە ڕووی ماهییەتی ڕوانینی وەزارەت بۆ پەروەردە و پلانێکی زمانی و چ لە ڕووی ئاگاداری لەسەر ڕۆڵی زمانی دایکی لە فێربوونی زانست و مەعریفەی نوێدا، هەڵگری نەزانی گەورە و کەمتەرخەمی ترسناکە. ئەمڕۆ ئیدی شتێکی سەلمێندراوە کە زمانی دایکی چ ڕۆڵێکی گرنگ و بنەمایی و تەندروستی لە فێربوون و پەروەردەی نوێدا هەیە، ئێمە تەنانەت زمانی دیکەش لە ڕێگای زمانی خۆمان باش فێردەبین و لێی تێدەگەین واتە کلیل و کڵاوڕۆژنەی تێگەیشتنی زمانەکانیتر و جیهانیتر هەر لە ڕێگای زمانی خۆمانە، هەرچەند ئەم بڕیارەی وەزارەت لەلایەن تاقمێک لە مامۆستایانەوە بە نادروست لێکدرایەوە و لە دژیدا خۆپیشاندانیان کرد و سەرۆکی حکومەتیش فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی دا، بەڵام وەکو لە هەواڵەکاندا لەکاتی خۆیدا بڵاوبووەوە وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند بوو، هێشتا بڕیارەکە هەڵنەوەشێنراوەتەوە و وەکو خۆی ماوە. بە هەرحاڵ ئەم حاڵەتە ڕەهەندی زۆری هەیە و من نامەوێت هەموو لایەنەکانی ئەم کەمتەرخەمی و بێ پلانی و دژایەتییە بۆ سەر زمانی کوردی کە لە پێکهاتێکی فەرمیدا ئەنجام دەدرێت، بخەمە بەرباس، بەڵکو دەمانەوێت بە هێنانەوەی نموونەیەکی سادە ئەم بێ پلانی و کەمتەرخەمییەی پەروەردەی زمانیی باس بکەین، کە خەریکە لە هەناوی تاک وکۆی ئاخێوەران و تەنانەت هەندێک لە نووسەرانیش رەگئاژۆ دەبێت و بەو قەناعەتەمان دەگەیەنێت کە لە فێرکردنی هەڵە و بێ پلانی و کەمتەرخەمیدا چ دەستێکی باڵا و بوودجەیەکی قەبە لە کارادایە.
لێرەدا بە دەستنیشان کردنی چەندان هۆکاری گشتی کە زمانی کوردییان خستۆتە ژێر هەڕەشە بە پێویست دەزانم ئاماژەیان پێ بکەم:
- نەبوونی قەوارەی فەرمی و سیاسی بۆ بەهادان بە زمان و ئاخێوەرانی. شێواندنی پێکهات و فۆرمی سروشتی زمان (بەتایبەتیش لەو ناوچانە)دا کە ئەمە زۆرتر هۆکاری سیاسی و کەلتوورییە کە لە گوتاری ناسیۆنالیستی و ئایینی زاڵی دەسەڵاتی ناوەند سەرچاوە دەگرێت.
- هەروەها نامۆبوونی کورد لەگەڵ پێکهات و ماهییەتی زمانەکەی (بە تایبەتیش لە ناوچە دابڕنراوەکاندا-کێشە لەسەرەکان بە حوکمی جیاوازی زار و بنزارەکانیان لە گەڵ زمانی(زاری کوردی ناوەند).
- نەخوێندنی پرۆگرامەکانی پەروەردەو فێرکردن لەو ناوچانەدا بە زمانی زگماک لە ساڵانی ڕابردوودا، هەر کام لە فۆرم و حاڵەتی زاڵی نامۆگەرایی بەسەر ئەو پێکهاتانەندا سەپاندووە کە بە ناچاری زمانی نەتەوەی سەردەست پەسند بکەن، چوون هەر تاکێک و کۆمەڵێک لەو پێکهاتانە وەک کوردانی شەبەک و ئیزیدی و فەیلییەکان کە بە زمانی گوند و خێڵەکەی خۆیان قسە دەکەن، ئەمەش بەو مانایە نییە کە زمانی دایکی خۆیان دەزانن، بەڵکو ئەمە سرووشتیترین و سادەترین و لە هەمان کاتدا "بنەڕەتیترین" حاڵەتی فێربوونی زمانە، بەڵام ناتەواو و نیوەچڵە.
- ئەو زمانە شیرینە کوردییە کە ناحەزانی گەلەکەمان بە هەموو شێوازێکی شۆڤینیانە دژایەتی دەکەن و هەوڵی لە نێوبردنی دەدەن، ئەویش بە قەدەغەکردنی زمانی کوردی بۆ ئاخێوەرانی و لەسەر ئاستەکانی پەروەردە و فێرکردن و چاپەمەنی و ڕۆژنامەوانی و سۆشیالمیدیادا، هەروەها هەوڵدان بۆ ناساندنی هەندێک لەو پێکهاتە کوردییانە وەک نەتەوە و زمانی سەربەخۆ و بە پلان و بەرنامە کار بۆ کردنی.
دەتوانین باسی چەندان حاڵەت لەو کێشانە تەنانەت لە ناو هەرێمی کوردستانیش ئاماژەی پێ بکەین کە هەر کامەیان بەپێی فەزای سیاسی-ئایینی کەلتوورێکی شێوێنەر و داگیرکارییان لە سەر زمانی کوردی دروست کردووە، هەرچەند لە باشووری کوردستاندا فەزا و دۆخەکە شتی دیکەیە. لەگەڵ ئەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە و وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵای هەیە، بەڵام زمان کەمترین بایەخی پێدەدرێت، هەم لە ئاستی گشتی و پەروەردەی سەرەتاییدا و هەمیش لە ئاستی باڵا و خوێندنی ئەهلی و تایبەت و زانکۆکانیشدا.
*(نوێترین وتارم کە بڕیار وایە ئەمڕۆ لە سایتی سەکۆکورد بڵاو بێتەوە)
* سەرنووسەری گۆڤاری زمانناسیی (زمان و زار).