ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایدەگەیەنێت؛ پێویستە هەرچی زوە ڕێکار و میکانیزمی چارەسەرکردنی هەمو ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دابنرێت تا لە نزیکترین دەرفەتدا، لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ، دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بکرێت و داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمیش بخرێتەوە ناو داهاتی گەنجینەی گشتی عێراق.
بەپێی راگەیەندراوی کۆبونەوەکە، لە بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیران باس لە ئەنجامی سەردانی ئەم دواییەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ بەغدا وکۆبونەوە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لە سەر دۆسیەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم کرا و لەلایەن ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران خرایەڕو، باسی لە ڕێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و وردەکاریی گفتوگۆی ئەم دواییەی نێوان هەردو حکومەت وکۆمپانیا نەوتییەکانی کرد و ئاماژەی دا کە لە کۆبونەوەکاندا، شاندی حکومەتی هەرێم جەختیان لەسەر ئەوە کردوەتەوە کە پێویستە هەرچی زوە ڕێکار و میکانیزمی چارەسەرکردنی هەمو ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دابنرێت تا لە نزیکترین دەرفەتدا، لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ، دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بکرێت و داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمیش بخرێتەوە ناو داهاتی گەنجینەی گشتی عێراق بۆ خزمەتی خەرجییەکان تاکو چیتر زیان بە گەنجینەی گشتیی عێراق و هەرێمیش نەگات، کە ئەمە خواستی هەردو حکومەتی هەرێم و فیدڕاڵ وکۆمپانیا نەوتیەکانیشە، هەروەها ئاماژەشی بەوەدا حکومەتی هەرێم ئامادەیە بۆ هەر کارئاسانییەک لەم پێناوەدا بە ڕەچاوکردنی بنەما و دەسەڵاتە دەستوریەکان و بەرژەوەندی گشتیی هاوبەش، کۆبونەوەکانیش لەم چوارچێوەیەدا بەردەوام دەبن.
ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەوەی کە نابێتە بەربەست لە بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و خوازیاری ئەوەیە لە زوترین کاتدا بگەن بە ڕێککەوتنی کۆتایی.
بڕگەی دوەمی کۆبونەوە، گفتوگۆکردن بو لە سەر بڕیارێکی حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە دانانی دو گۆڕەپانی گومرگیی لە هەردو پارێزگای موسڵ و دیالە کە کاریگەریی لە سەر ڕێڕەوی جوڵەی بازرگانی لە دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان کردوە.
ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری ڕاپۆرتێکی لەبارەی کاریگەری و دەرهاویشتە نەرێنییەکانی ئەم بڕیارە لە سەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی خستەڕ، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ لە پەیوەندی بەردەوامدا بن بۆ گفتوگۆ بە ئاراستەی چارەسەرکردنی بابەتەکە بەشێوەیەک کە لە بەرژەوەندی گشتی و ئاسانکاریکردن بۆ برەودان بە جوڵەی بازرگانیدا بێت لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە ڕەچاوکردنی دەستور و یاسا بەرکارەکان و نەهێشتنی ڕوتین و بەربەستەکان.
لە بڕگەی سێیەمدا، دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان، ڕاپۆرتێکی لە بارەی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان و ئاڤاهییا لە عێراق و هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد، کە بڕیارە لە مانگی یازدەی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.
وەزیری پلاندانان، تیشکی خستە سەر ڕێکار و ئامادەکاریی و هەنگاوەکانی وەزارەتەکەی بۆ بەڕێوەچونی سەرژمێریی گشتیی بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی زانستییانە و لە پێناو گەشەپێدانی هەمەلایەنە بێت و دور بێت لە دەستوەردان و هەر ئامانجێکی سیاسی بە تایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردەوە لەسەر ئەوەی پێویستە ئەم سەرژمێریە، لەسەر بنەمای ڕەچاوکردنی دادپەروەریی ویەکسانی بێت و دور لە هەر مەبەستێکی سیاسیی و نەتەوەیی بێت و نەبێتە پێشێلکاریی لە بنەما دەستورییەکان و ماددەی 140ی دەستور تایبەت بە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کە پێویستە تەنیا دەستور چارەنوسی ئەم ناوچانە یەکلایی بکاتەوە.
لە کۆتاییدا ، ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە ، ئامادەسازییەکانی وەزارەتی پەروەردە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی بۆ تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12 ی ئامادەیی بە هەمو بەشەکانییەوە ، لە سەرتاسەری هەرێم خستەڕو.
ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد هاوکاری وەزارەتی پەروەردە بن بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆسەیە.