لە راگەیەنراوەكەدای بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانیدا هاتووە، دوای ئەوەی ئەمڕۆ لە گەڕەكی بەختیاری تازە لە سلێمانی، ئاگر لە ماڵێك كەوتەوە و بووە هۆی گیان لەدەستدانی كەسێك، دەستبەحێ هێزەكانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی رووداوەكە، پاش ئەوەی پشكنین و هێڵكاری بۆ شوێنی ڕووداوەكە ئەنجام درا و لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە دەستی پێ كرد، هێزەكانی پۆلیس گومانیان لە هەندێك ئامێر و كەرەستە كرد كە لە ماڵەكەدا هەبووە.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی پۆلیسدا، دەركەوت لەو ماڵەدا كارگەیەكی ساختەی دروستكردنی زەیتی زەیتوون هەبووە كە ڕۆنی بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان (بایەعی) و سابوونی ڕەقیان تێكەڵ كردووە و بە زەیتی زەیتوون بەشێوەی ئۆنلاین لە رێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بە هاووڵاتییانیان فرۆشتووە، ئێستە بەبڕیاری دادوەری لێكۆڵێنەوە، دەستبەسەر ئامێر و كەلوپەل و مادە بەكارهاتووەكاندا گیراوە و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامە.