Apora Logo

زمانی ستاندارد و یەکگرتوویی کورد

زمانی ستاندارد و یەکگرتوویی کورد
قادر وریاقادر وریا

قادر وریا

20/2/2024


تەوەری بەشی دووهەمی هەڤپەیڤین لەگەڵ ڕۆژنامەی "کوردستان"، ژمارە ٨٦٥، بە بۆنەی ٢١ی فێبریوەری(ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک)

قادر وریا

_ نێوماڵی کورد بەدرێژایی مێژوو و هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێ پەرتەوازەیە. ئایا یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم پەرتەواز بوونە بۆ نەبوونی زمانێکی ستاندارد ناگەڕێتەوە؟

وەڵام: من شتەکە بە پێچەوانە دەبینم ، بەو واتایە کە ئەوە دابەشکراویی کوردستان و بندەستیی نەتەوەی کورد و بێبەشیی ئەو نەتەوەیە لە وڵاتی یەکگرتوو و دەوڵەتی سەربەخۆیە کە وای کردووە، نەتەوەی کورد لە جیاتی یەک ئەلفوبێ چەند ئەلفوبێ و لەجیاتی یەک زمانی ستاندارد، لانیکەم دوو زمانی ستانداردی هەبێت. خۆ ئەو دەوڵەتانە هێشتا لە زۆربەی پارچەکانی کوردستان زمانی کوردییان بە ڕەسمی نەناسیوە، هێشتا ڕێگایان بە کورد نەداوە بە زمانی خۆی بخوێنێت و لە کاروباری پەروەردە و بەڕێوەبەری، یاسایی و...هتد دا بەکاری بێنێت. ڕێگایان نەداوە لەسەر ئاستی کوردستان و نەتەوەی کورد، فەرهەنگستانێک بۆ چارەسەری کێشەکانی ئەو زمانە و خزمەتکردن و پێشخستنی پێکبێت. خودی ئەم دابەشکراوییەی کوردستان و دروستبوونی هەلومەرجێک کە هەر پارچەیەک ناچار بووە بۆ خۆی - زۆربەشی بە ناڕەسمی و تەنانەت لە ژێر هەڕەشە و سەرکوتدا- مشوور لە زمانەکەی بخوات و بڕیار لەسەر ئەلفوبێ و ڕێنووس و نووسین بە کوردی بدا، گەیشتن بە زمانێکی ستانداردی لە ئاستی هەموو کوردستان و نەتەوەی کورددا زۆر ئاڵۆز و تەنانەت نامومکین کردووە. مەبەستم ئەوەیە ئەگەر لەسەر زمانێکی ستانداردیش بۆ نموونە کوردیی نێوەڕاست یان کورمانجیی ژووروو ساغ بینەوە ، ناتوانین بیکەینە زمانی ستاندارد لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا ، چونکە جگە لەوەی کوردستان یەکەیەکی یەکپارچە نییە، لەزۆربەی بەشەکانیش، دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبەری و سیستەمی پەروەردە لەدەست کورددا نییە. دیارە سەرەڕای ئەم چارەنووسە سیاسییە نەخوازراو و نالەبارەش، هەر دەبێت هەوڵی لێکنزیکبوونەوە و ڕێککەوتن لە سەر زمانی ستاندارد بدەین. دەبێ تێبکۆشین زمانی کوردی خاڵی لێک کۆکردنەوە و یەکگرتنمان بێت، ئەمەش کاتێک دەکرێت کە بەسەر دەمارگرژیی ناوچەیی و زارچییەتیدا زاڵ بین و وێڕای چاولێکردنی هەموو زارەکان و شێوەزارەکان وەک سەرمایە و سەرچاوەی دەوڵەمەندیی زمانی کوردی و گرنگیدان بە پاراستنیان، هاوکار و پشتیوانی جێگیربوونی زمانی ستاندارد بین.

_ ئێمە چۆن دەتوانین زمانێکی ستاندارد ڕێک بخەین کە ئاکامەکەی یەکگرتووی و یەکڕیزی نێوماڵی کورد بێ؟ ئایا هەتا ئێستا لەم پێناوەدا هەوڵێکی جیددیمان هەبووە؟ بەتایبەت لە پارچە ئازادکراوەکانی کوردستان وەکوو باشوور و ڕۆژاوا.

وەڵام: هەتا ئەو کاتەی کورد لەهەر کام لە بەشەکانی کوردستان، دەسەڵاتەکەی لەدەست خۆیدا نییە، ناشتوانێ زمانێکی ستاندارد بە تەواوی جێگیر بکا، بەڵام زمانەوانان، ڕۆشنبیران، نووسەران، میدیاکاران، حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی هەر بەشێک، دەتوانن بە دیالۆگ و ڕاوێژی بەرپرسانە و دووربینانە لەگەڵ یەکتر، کۆمەڵێک ڕێوشوێن دیاری بکەن کە لە لایەکەوە هاندەر بێت بۆ ڕەچاو کردن و پابەند بوون بە زمانێکی ستاندارد، لەلایەکی دیکەوە، مشوورخواردن لە سەرجەم زارە کوردییەکان بە تایبەتی ئەو زارانەی تێدابێت کە مەترسیی فەوتانیان لەسەرە. وریاکردنەوەی تاکەکان و بەرەوژووربردنی وشیاریی زمانی و هەستکردن بە ئەرکی نەتەوەیی و پێکهێنانی قەناعەت لەم پێوەندییەدا دەتوانێ کارساز و کاریگەر بێت نەک سەپاندن. لە ڕۆژاوا بەو هۆیەوە کە زۆربەی هەرەزۆری کوردزمانان، بە یەک دیالێکت قسە دەکەن، پێموایە کێشەی ململانێ و ناکۆکی لە سەر هەڵبژاردنی زارێکی دیاریکراویان وەک بنچینەی زمانی ستاندارد نییە. لە باشوور دوای تێپەڕینی زیاتر لە ٣٠ ساڵ لە هەبوونی دەسەڵاتی کوردی، هێشتا نەیانتوانیوە زمانێکی ستاندارد لە هەموو جۆگرافیای ئەو بەشە بکەن بە سەرانسەری. ئەو بەرهەڵستبوونەوەی لەم پێوەندییدا هەیە، مەبەستم پێداگریی بەشە کورمانجی ئاخێوەکەی باشووری کوردستان لەسەر دیالێکتەکەی خۆیانە، ناکرێت بە پشتگویخستن و سەپاندن و سەرکوت، وەڵام بدرێتەوە. ڕێگەچارە هەر دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی زیاتر و گەیشتن بە ئەنجامێکی باشترە، ئەگەر ئەم ئەنجامە تەنانەت قبووڵکردنی دوو ستانداردیش بێت. دوو ستانداردی لە ئاستی کوردستانی گەورەدا ڕاستییەکە و هەیە و ناتوانین حاشای لێ بکەین. گرنگ ئەوەیە بە بوونی دووستانداردیشەوە، بیر لە زۆرکردنی پردی پێوەندیی نێوان ئەم دوو ستانداردە و زارەکانی دیکە بکەینەوە، نەک لێکدوورکەوتنەوەی زیاتر.

;